رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەلبووسی لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق پەیامێک ئاراستەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات و دەڵێت، چاوەڕوانی بڕیاری ئەوانن، بەڵام دەبێت بەربژێرەکە "قبووڵکراوی نیشتمانی" بێت.
رۆژی دووشەممە 19-01-2026، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "چاوەڕوانی بڕیاری سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین بۆ دیاریکردنی ناوی بەربژێری راسپێردراو بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی داهاتوو."
حەلبووسی داوا لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات، هەمان ئەو پەرۆشییەی بۆ پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆیان هەیانە، "زیاتریان هەبێت بۆ پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق."
سەرۆکی پارتی تەقەدووم مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دیاری دەکات و دەڵێت: "پێویستە لە کاتی دیاریکردنی بەربژێری راسپێردراودا، رەچاوی 'قبووڵکراویی نیشتمانی' بکرێت، بۆ ئەوەی بەربژێرەکە پەسند بکرێت و حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنرێت کە لەلایەن هەموو پێکهاتەکانی گەلەوە پاڵپشتی بکرێت."
محەممەد حەلبووسی هۆشداریی تووندیشی دا لە گەڕانەوە بۆ "رۆژگارە سەخت و بە ئازارەکانی رابردوو کە پڕ بوون لە قەیران، نائارامی و فیتنە." جەختیشی کردەوە کە شوێنەواری ئەو قەیرانانە تاوەکو ئێستاش لە هزری عێراقییەکاندا ماونەتەوە و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنیان، هێشتا کاریگەرییەکانیان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ