رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی ئەو لایەنانە دەکات کە "دوو بەرەکی" لە وڵاتەکەدا دەنێنەوە و دەڵێت، "هەرکەسێک تێوەبگلێت، رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە."
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لە پەیامێکدا روونی نەکردووەتەوە مەبەستی کێیە دەڵێت: "دەبێت دەستبەجێ هەموو جۆرە پارەدارکردن، هاندان و بانگەشەیەک بۆ فیتنە رابگرن."
ئەعرەجی، ئەو هەوڵانەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا" بۆ سەر یەکپارچەیی عێراق و ئاسایشی نەتەوەیی ناوبردووە و دەڵێت، "ئەو کەسانە بەپێی یاسای عێراق سزای زۆر تووند دەدرێن."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە دەستەواژەیەکی تووند کۆتایی بە پەیامەکەی هێنا و نووسیویەتی: "کوڕەکانتان تەمبێ بکەن، چونکە عێراق مەیدانی یارییە چەپەڵەکانی ئێوە نییە."
لە 28ی شوباتەوە کە هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، عێراق بووەتە گۆڕەپانێکی دیکەی جەنگەکە، ئێران بۆردوومانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومانی گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی دەکەن. گرووپە چەکدارەکانیش بۆردوومانی هەرێمی کوردستان و هەندێک ژێرخانی وزەی عێراق، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەمریکا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ