رووداو دیجیتاڵ
کەسێک وەک بەڕێوەبەرى گشتى لە دەستەى دەستپاکى خۆى ناساندووە بۆ ئەوەى پارە لە هاووڵاتییەک وەربگرێت بە ناوى دابینکردنى زەوى، دواى ئاشکرابوون و دەستگیرکردنى بە شەش ساڵ بەندکردن سزا دراوە.
سێشەممە 20ى ئایارى 2025، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێنراوێکدا وردەکاریى ئەو دۆسیەیەى بڵاوکردووەتەوە.
ئەو کەسە خۆى وەک بەڕێوەبەرى گشتى لە دەستەى دەستپاکى ناساندووە بۆ ئەوەى پارە لە کەسێک وەربگرێت گوایە رەزامەندیى پێدانى چەند پارچە زەوییەکى لە بەغدا بۆ وەردەگرێت.
دەستەى دەستپاکى رایگەیاند، دادگەى تاوانەکانى کەرخ کە تایبەتە بە دۆسیەى گەندەڵى، ئەو کەسەى بە شەش ساڵ بەندکردن سزاداوە.
ئەو کەسە بەگوێرەى دوو بڕگەى یاسای ژمارە 160ى ساڵى 1983 سزا دراوە، کە تایبەتە بە تاوانى خۆناساندن وەک فەرمانبەرى حکومی بە مەبەستى دەستکەوتنى پارە.
بە گوێرەى بڕیارى دادگە، ماف دراوە بەو هاوڵاتییەى هەڵخەڵەتێنراوە بۆ ئەوەى لە دادگە داواى قەرەبوو بکات.
دەستەى دەستپاکى داواى لە هاووڵاتییان و دامەزراوەکانى دەوڵەت کردووە هۆشیار و ورد بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەى بانگەشەى ئەوە دەکەن پۆستى فەرمییان هەیە و دەستەکەى لێ ئاگادار بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ