رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای بابل، گرووپێکی چەکدار بە چەك رووبەڕووی پارێزگار دەوەستنەوە و رێگەنادەن پرۆژەیەک جێەجێ بکرێ، وەک ناڕەزایەتییەک پارێزگاری بابل دەستی لەکار کێشایەوە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگاکە قبووڵی نەکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دیوانی پارێزگای بابل، دوێنێ سێشەممە 19ی ئایاری 2026 گرووپێکی چەکدار رێگەیان نەداوە پرۆژەی (پردی جنسیە) جێبەجێ بکرێ و چەکیان لە دژی پارێزگار بەرزکردووەتەوە.
بەپێی ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی بڵاوبوونەتەوە، گرووپە چەکدارەکە بە چەکی بیکەیسی، ئاڕ پی جی و چەکی دیکەی سووک و مامناوەند لە ناوچەکە بڵاوبوونەتەوە و بەڕووی پارێزگای بابل هەڵشاخاون.
عەلی تورکی جەمالی، کە پارێزگاری بابلە و سەر بە بزووتنەوەی سادیقوونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، ئێوارەی دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو هێرشەی کراوەتە سەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێش کرد.
ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بە کۆی دەنگ، دەستلەکارکێشانەوەکەی پارێزگاری رەتکردەوە، بەڵام پارێزگار سوور بوو لەسەر پێشکێشکردنی داواکەی، بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگاکە بڕیاریدا کارەکانی بۆ ماوەی 72 کاژێر هەڵپەسێرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ