رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی "سەرجەم سنوورەکانی بنەما و پەیماننامە ئاسمانی، مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە، تاوەکو ئەو رادەیەی هەڕەشەی نابەجێ دەکات بۆ ئامانجگرتنی وەلی و پێشەوا، ئایەتوڵڵای گەورە بەڕێز عەلی خامنەیی."
رۆژی پێنجشەممە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەیەکی تووندی لە رێبەری ئێران کرد و رایگەیاند، "ناتوانێت بە زیندوویی بمێنێتەوە."
قەیس خەزعەلی رایگەیاند، "ئەمە دووبارەکردنەوەی هەڕەشەیەکی پێشوویانە بۆ بە ئامانجگرتنی بەڕێز مەرجەعی باڵا عەلی سیستانی، بۆیە ئێمە تووشی سەرسوڕمان نابین لە بڵاوکردنەوەی ئەوجۆرە هەڕەشانە لەلایەن ئەو تاوانبارانە."
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت، "راوەستاوی و پاڵپشتیی هەمیشەیی خۆمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دووپات دەکەینەوە، لەبەرامبەر ئەو کارە دوژمنکارانەی دەکرێتە سەریان."
ئەو ئەمیندارە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، "هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ راگرتنی ئەو پێشێلکارییانە کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان."
هەشت رۆژە جەنگ بەردەوامە. بەپێی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا 25 هاووڵاتی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئێران رایانگەیاند، 224 کەس کوژراون، لە کاتێکدا ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە دەڵێت، بە 639 کەس لە ئێران کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ