رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا دەکات "سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان ئامادە بن، چونکە یەکلاکەرەوە و گرنگە".
غەریب ئەحمەد روونیدەکاتەوە "ئەگەر لە کۆبوونەوەی 19ـی مانگ هەموو پەرلەمانتارانی کورد ئامادەبوونایە، نەدەتوانرا رێژەی یاسایی بشکێندرێت."
بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-1-2024) ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە. دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە، تایبەت بە کەمکردنەوەی کرێی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدان.
بۆ کورد، هەمواری یاسای بودجە و گەڕاندنەوەی موڵک گرنگن.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکیتی لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد کرد لە هەر شوێنێکن، بگەڕێنەوە بەغدا و لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بن، چونکە "ئەوەی ئەمڕۆ دەکرێت، کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە و گرنگە، پێویستە هەموو ئەندامانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، هەموو 63 پەرلەمانتارەکە ئامادە بن، هەریەکە و پەیوەندییەکانی بخاتەگەڕ لای پەرلەمانتارانی دیکە، بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکان پەسند بکرێن، بەتایبەتی هەمواری یاسای بودجە و پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک."
بە بڕوای غەریب ئەحمەد، "ئەگەر لە کۆبوونەوەکەی 19ـی ئەم مانگەدا، هەموو پەرلەمانتارانی کورد ئامادەبوونایە، نەدەتوانرا رێژەی یاسایی بشکێندرێت و ئەو چەند پڕۆژەیاسایە دەخرانە دەنگدانەوە".
دووپاتیشیدەکاتەوە "ئامادەبوونی سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد، گرێی سەرکەوتن و تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایانەیە کە بۆ کورد گرنگن".
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، چەندین کۆبوونەوەی لەبارەوە کراوە، بەڵام نەتواندراوە تێبپەڕێندرێت، غەریب ئەحمەد دەڵێت "ئەگەر پڕۆژەکە ببێتە یاسا، دەبێتە یەکێک لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140 و رێژەیەکی زۆری زەویی داگیرکراو، دەگەڕێتەوە بۆ کورد، هەروەها بە هەمواری یاسای بودجە بەشێکی زۆری کێشەی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە چارەسەر دەبێت".
دوێنێ 20-1-2024 شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە سەردانی عێراقی کرد، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دواتریش لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوە. لەبارەی نێوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوانە، ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی ئاشکرای کرد "راشکاوانە قسە کراوە، هەموو لایەک راشکاوانە قسەیان کردووە، باس لە پەرتەوازەیی کورد کراوە، ئەوەی بە دیاریکراوی باس دەکرێت و گفتوگۆی چڕی لەسەر کراوە، تەئکید لەوە کراوەتەوە دەبێت هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، لە تەوتین و بایۆمەتری و پاککردنەوەی لیستی مووچە."
روونیشیکردەوە "دوای کۆبووەوەکان، دوێنێ بڕیاردراوە شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و هەفتەیەک بمێننەوە، تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بکرێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە تێبینییەکانی رابردووی عێراق لەسەر لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان، جۆرێک لە بێ متمانەیی لەلایەن عێراق دروست کردووە، دەشڵێت "راستە عێراقیش بێ کێشە نییە و لیستەکانی پاک و بێگەرد نییە، بەڵام ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان پێویستمان بەوەیە پابەند بین بە داواکارییەکانیان، چونکە زۆرینە لە عێراق حوکم دەکات و زۆرجاریش ئەو زۆرینەیە بەکاردەهێندرێت لە هەر شوێنێک بیانەوێت."
غەریب ئەحمەد رەخنە لە هەرێمی کوردستان دەگرێت بەوەی تاوەکو ئێستا یەک پڕۆژەیان نەبووە بۆ پرسی بەجێکردن (تەوتین) ـی مووچە و پێیوایە "بەجێکردنی مووچە ئێستا بووەتە پێوەرێکی بنەڕەتی، بەڵام لایەنە سیاسییە بڕیاربەدەستەکان لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون، ئاخۆ بەجێکردن لە رێگەی 'هەژماری من' بێت یان یەکێک لە بانکە فیدراڵییەکان."
دووپاتیشی دەکاتەوە "ئەو پەرتەوازەییە هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە، بەغدا سوودی لەو پەرتەوازەییە وەرگرتووە و ئەگەر پەرتەوازە نەبووینایە، دۆخمان بەو شێوەیە خراپ نەدەبوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ