سەرکردەیەکی سادیقوون: کورد لە سووریا لە کاتێکی زۆر هەستیاردا جێهێڵدرا

21-01-2026
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون رایدەگەیێنێت، ئەوەی لە ناوچە کوردییەکانی سووریا روودەدات، سەلمێنەری "پەیمانشکێنیی" ئەمریکایە بەرامبەر هاوپەیمانەکانی. هاوکات داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات چاودێریی ئەو بیانییانە بکەن، کە لە هەرێمدا نیشتەجێن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ی کانوونی دووەمی 2026، حوسێن عەلی شێحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون (باڵی سیاسی عەسائیبی ئەهلی حەق)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دۆخی ئێستای سووریا و بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان، جارێکی دیکە ئەوەی دەرخستەوە کە ئەمریکا دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی دەبێت.
 
حوسێن شێحانی گوتی، "کورد ئەمڕۆ لەسەر خاکی سووریا لە کاتێکی زۆر هەستیاردا جێهێڵدرا، دوای ئەوەی پشتی بە گرەنتی و پاڵپشتیی لایەنە ئەمریکییەکان بەستبوو."
 
سەبارەت بە کاریگەریی ئەو ئاڵۆزییانە لەسەر عێراق، ئەو بەرپرسەی سادیقوون روونیکردەوە، روودانی هەر پشێوییەک یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کەلێن دروست دەکات و داعش ئامادەیە بیقۆزێتەوە، "بەتایبەتی لە زیندان و کەمپەکاندا."
 
شێحانی پێیوایە، "عێراق یەکەم وڵات دەبێت کاریگەریی ئەو پشێوییە ئەمنییەی لەسەر دروست دەبێت، بەڵام هەڵوێستمان روونە کە رەتیدەکەینەوە خەڵکی مەدەنی تێوەبگلێنرێن یان ناوچەکە ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان."
 
حوسێن عەلی شێحانی پەیامێکی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "گرنگە بەرپرسانی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان رێگری لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بکەن."
 
شێحانی جەختی کردەوە، "ئەوەی لە لایەنە کوردییەکان دەخوازین ئەوەیە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و چاودێریی دانیشتووانی سەر خاکەکەیان بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن رەگەزنامەی بیانین."
 
سەبارەت بە ئامادەکارییە ئەمنییەکانی عێراق، شێحانی دڵنیایی دا کە "سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر لە ئامادەیی تەواودان و هەموو خاڵە سنوورییەکان لەژێر کۆنتڕۆڵدان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە