رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتى سیادە رەخنەی تووند لە شێوازی رووماڵی میدیای فەرمیی عێراق بۆ رووداوەکانی سووریا دەگرێت و داوا لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات لێپرسینەوە لە "کەمتەرخەمەکان"ـی نێو تۆڕی میدیایی عێراق بکات.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتى سیادە ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دا لەوەی میدیای عێراقی، بەتایبەتی میدیای حکومی، دەبێت گوتارێکی پیشەیی و هاوسەنگی هەبێت بەرامبەر ئەوەی لە سووریا روودەدات و گوتی: "ئەمە بژارە نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەکی نیشتمانی."
چیرۆکەکە چییە؟
ئەم هەڵوێستەی خەنجەر دوای ئەوە دێت، تۆڕی میدیایی عێراق (میدیای فەرمیی عێراق) لە سۆشیاڵ میدیا راپۆرتێکیان بە ناونیشانی "ئاڵاکان گۆڕان، بەڵام بەکەنیزەککردن هەر ماوە" بڵاوکردەوە، کە تێیدا بە چەند پارچە ڤیدیۆیەک ئاماژەیان بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نێو سوپای عەرەبیی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع کردبوو، بۆ سەر ناوچە کوردییەکان و مامەڵەکردنی نەشیاو لەگەڵ ئافرەتەکان بەتایبەتی، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی "رەفتاریان وەک داعش وایە."
لە بڵاوکراوەکەی میدیای فەرمیدا ڤیدیۆی رەفتاری نەشیاو و سووکایەتیکردنی چەند چەکدارێکی سوپای عەرەبیی سووریا بە کچە شەڕڤانەکانی رۆژئاوای کوردستان پێشاندراون.
'دووربکەونەوە لە هاندانی تایەفەگەری'
خەمیس خەنجەر ئاشکرای کرد، بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی لەنێو تۆڕی میدیایی عێراق "کەمتەرخەم بوون"، پەیوەندییان بە سەرکردەکانی 'هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت'ـەوە کردووە.
خەنجەر دەڵێت: "میدیای عێراقی، بەتایبەت فەرمییەکە، ئەمڕۆ داوای لێدەکرێت کە ناوخۆی عێراق بپارێزێت نەک دابەشبوون دروست بکات، دەبێت دووربکەوێتەوە لە هاندانی تایەفەگەری، بڵاوکردنەوەی رق و کینە و زانیاریی هەڵە."
سەرۆکی سیادە جەختی لەوە کردەوە کە میدیای فەرمی دەبێت هاوبەشی سەقامگیری بێت نەک ببێتە ئامرازێک بۆ ململانێکان و تێکدانی ئاشتیی ناوخۆیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ