رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە پەیامێکدا رایدەگەیێنێت، "گرووپەکەی ئەبو محەممەد جۆلانی"، کە مەبەستی سوپای عەرەبیی سووریایە، "توانای ئەوەیان نییە مەترسی لەسەر سنوورەکان دروستبکەن" و پێشبینی دەکات لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە تێکبشکێندرێن. هاوکات ئەمریکا، ئیسرائیل و سعودیە بە "دوژمنی سەرەکی" ناو دەبات.
ئەو پەیامە کە شەوی چوارشەممە، 21-01-2026 بڵاوکراوەتەوە، ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق چەند خاڵێکی لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و جموجۆڵەکانی سوپای عەرەبیی سووریا کە بە "چەتەکانی جۆلانی ناوی بردوون" بڵاوکردەوە.
عەسکەری دەڵێت: "لە مەودای نزیکدا هیچ نیگەرانییەک لەلایەن چەتەکانی جۆلانییەوە نییە، ئەوەش بەهۆی لاوازیی دۆخی دارایی، چەکداری و رێکخستنیانەوە، جگە لەوەش فرەیی پاشکۆیەتی لەنێویاندا هەیە."
سەبارەت بە شەڕی نێوان ئەو گرووپانە و هێزە کوردییەکان لە سووریا، بەرپرسەکەی حیزبوڵڵا پێشبینیی شکستی سوپا دەکات و دەڵێت: "ئەو هێزانەی هەسەدە سوودیان لەو دۆخە وەرنەگرت، بەڵام پێدەچێت [جۆلانی] زیانی گەورە لەسەر دەستی هەسەدە بەربکەوێت و لە رێگەی کەمینی تووندەوە هیلاکیان بکەن."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دا ئاماژەی بەوە کردووە، رەنگە هەندێک دزەکردنی تاکەکەسی لەلایەن چەکدارانی سوپای عەرەبیی سووریاوە لە هەندێک ناوچەی سنووری رووبدات، بۆیە داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و بەتایبەت دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەکات رووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببنەوە.
ئەبو عەلی عەسکەری جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و دەڵێت: "دووپاتی دەکەینەوە کە دووژمنە سەرەکییەکانی ئوممەتی ئیسلامی بریتین لە ئەمریکا، قەوارەی زایۆنی و ئالی سعود؛ ئەمانە بەڕێوەبەری رێکخراوە تاوانکارییەکانن لە جیهاندا و دەبێت بە شێوەیەکی گونجاو باجەکەی بدەن."
سەبارەت بە هەواڵی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، عەسکەری بە گومانەوە دەڕوانێتە جووڵەکە و دەڵێت: "ئەمریکییەکان هەموو جارێک هێزەکانیان جێگیر دەکەنەوە بەبێ ئەوەی بە تەواوی بکشێنەوە، ئێمەش چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی مەیدانی دەکەین پێش راگەیێندراوەکان."
لە کۆتایی پەیامەکەی دا، داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و شرۆڤەکاران دەکات دۆخەکە گەورە نەکەنەوە و ترس نەخەنە دڵی خەڵکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ