وەزارەتى ناوخۆى عێراق بۆ رووداو: سنوور لەگەڵ تورکیا بە هاوئاهەنگى پێشمەرگە دەپارێزرێت

22-04-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت، ناوەندێکى هاوئاهەنگیى هاوبەشیان لەگەڵ تورکیا هەیە و لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە سنوورەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەپارێزرێن. 
 
میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەزارەتەکەیان هەوڵى تایبەت دەدات بۆ پاراستنی سنوورى نێوان عێراق و تورکیا، ئەوەش لە رێگەى هێزەکانى پاسەوانى سنوور و بە هاوئاهەنگیى پێشمەرگە.
 
پاراستنى سنوور لەگەڵ تورکیا بە هێزەکانى سەر بە فیرقەى یەکەمى پاسەوانى سنوور سپێردراوە و، ئەرکەکەی بە درێژایی 367 کیلۆمەترە. میقداد میرى دەڵێت، "لەو سنوورە، کامێراى گەرمبین دانراوە و پاسەوانیى سنوور رێوشوێنى نموونەیی گرتووەتەبەر کە لە ئاستێکى باڵادایە." 
 
دۆسیەى ئەمنى یەکێکە لەو پرسانەى لە سەردانەکەى ئەمڕۆى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق تاوتوێ دەکرێت. 
   
ناوەندێکى هاوبەشى هاوئاهەنگیی ئەمنى لەنێوان عێراق و تورکیا بۆ پرسە ئەمنییەکان هەیە.
 
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە رێگەى ئەو ناوەندە و بە هاوئاهەنگى لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تورکیا، سنوورى دهۆک و هەولێر لەگەڵ تورکیا دەپارێزن.
 
دوایين خاڵى سنوورى لەگەڵ تورکیا کە پاسەوانى سنوورى عێراق بەپرسیاریێتى پاراستنى وەرگرت، لە ناحیەى شیلادزێ لە پارێزگای دهۆک بوو لە 23ـی شوبات کە خاڵى چاودێرى لێ دانا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە