فوئاد حوسێن: سوودانی هەوڵدەدات توێژەرە ئیسرائیلییە رفێندراوەکە ئازاد بکات

23-01-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئەو ئافرەتە ئیسرائیلی - رووسییەی کە ساڵی 2023 لە عێراق لەلایەن گرووپێکی نەناسراوەوە رفێندرا، لە ژیاندا ماوە و سوودانی هەوڵی ئازادکردنی دەدات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی راگەیاند: "ئێلیزابێس تسورکۆڤ، ئەو توێژەرە ئیسرائیلی - رووسییەی کە میلیشیاکانی عێراق بە بارمتە گرتیان لە ژیاندایە و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە ئازادی بکات."
 
ئێلیزابێس تسورکۆڤ، خوێندکاری دکتۆرایە لە پسپۆڕی سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ئاداری 2024 لە نێوەڕاستی بەغدا لە دۆخێکی گوماناویدا دیارنەما و دواتر پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپە چەکدارەکان درێژکرا.
 
ئێلیزابێس بەکالۆریۆسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە لە زانکۆی عیبری، ماستەری لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی تەلئەڤیڤ بەدەستهێناوە، قوتابیی دکتۆرایە لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی برینستۆن و چەندین توێژینەوەی لەسەر گرووپە چەکدارەکان هەیە.
 
رۆژی 5ـی تەممووزی 2023، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، چوار مانگە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی - رووسی بەناوی ئێلیزابێس تسورکۆڤ، لە عێراق بێسەروشوێنە، بەڵام ئێستا بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەو ئافرەتە زیندووە و لەلای چەکدارانی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقەوە دەستبەسەرە.
 
رۆژی 13-11-2023، کەناڵی"رابیعە"ـی عێراقی کە یەکێکە لە کەناڵەکانی نزیک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق، گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئێلیزابێس تسورکۆڤی بڵاوکردەوە کە لەشێوەی دانپێدانانە و ماوەکەی چوار خولەکە.
 
بەڵام کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق رەتیکردەوە، ئەو ئافرەتە لەلای ئەوان بێت و دەڵێت: "هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ زانینی چارەنووسی ئەو دیلە یان دیلەکانی زایۆنی لە عێراق لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بۆ زانینی نیازی ئەو مافیا تاوانکارانە و ئەوانەشی کە ئاسانکاری جووڵەکانیان لە وڵاتێکدا دەکەن، کە مامەڵەکردن لەگەڵیان بەتاوان دەزانێت و قەدەخەی دەکات."
 
رۆژی 10ـی تەممووزی 2023، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، داوای ئازادکردنی ئەلیزابێس تسورکۆڤ دەکات. گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە دەسەڵاتی ئێرانیش تۆمەتبار دەکات بەوەی ئەو ئافرەتەیان لە عێراق "رفاندووە". 
 
تسورکۆڤ، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس چالاک بوو، دوا بڵاوکراوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023 بووە، کە لینکی توێژینەوەیەکی خۆی بووە دەربارەی گرووپە چەکدارە سووریاییەکانی نزیک لە تورکیا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 پەرلەمانی عێراق.

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی دەکات

پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتەکانی رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی بڵاوکردەوە. یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنەکەی رۆژی یەکشەممە، خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی.