ڤێتێرنەریی عێراق بۆ رووداو: هەڵمەتێکی پشکنینی چڕ بۆ مادەی فیورالتادۆن دەستپێدەکەین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەدواداچوونە بنکۆڵکارییەکەی رووداو لەبارەی مادەی فیورالتادۆن حکومەتی عێراقی هێنایە سەرخەت و رێکارەکان دژی هاوردەکردنی مادەکە دەگرێتەبەر. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەریی عێراق دەڵێت، دۆسیەی هاوردەکردنی مادەکەیان بەدەستگەیشتووە و سبەی تیمەکانیان هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین لە بازاڕەکاندا دەستپێدەکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، محەممەد عەزیز مەیاحی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نە مۆڵەتمان بەو کۆمپانیایانە داوە بۆ هێنانی ئەو مادەیە و نە رەزامەندیشمان لەسەر هاوردەکردنی نیشان داوە. بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەستمان، ئەم مادەیە لەژێر ناوی مادەیەکی دیکەدا هاوردە کراوە."
 
لە بەدواداچوونەکەی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی رووداو ئاشکرا بوو کە لە چەند پەلەوەرخانەیەکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەرمانی (فیورالتادۆن) دۆزراوەتەوە کە زیاتر لە 40 ساڵە لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە قەدەخەکراوە و بە هەر ئاژەڵ و پەلەوەرێک بدرێت، ئیدی نەخۆش ناکەوێت، بەڵام ئەو کەسەی گۆشت یان هێلکەیان دەخوات، مەترسییەکی زۆری تووشبوونی شێرپەنجەی لەسەرە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەریی عێراق گوتی، "تیمەکانمان و ئەو فەرمانبەرانەی لە بازاڕەکاندا کار دەکەن راسپاردووە، سبەینێش هەڵمەتێکی پشکنینی چڕ لە بازاڕەکاندا دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی و دروستیی ئەم هەواڵە."
 
بەپێی بەدواداچوونی بەرنامەی لەگەڵ رەنج، فیورالتادۆن، لەسەر ئاستی جیهان قەدەخەیە، خراوەتە نێو قوتوویەک کە لەسەری نووسراوە "سووپەر ماکس" و هێنراوەتە کوردستان و بە کوالیتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیوە و پارەی پشکنینیشی دراوە. 
 
بە گوتەی محەممەد مەیاحی، "ئەم مادەیە بە شێوەیەکی فەرمی رێگەی پێنادرێت بێتە ناوەوە، ئەگەر هەبێت دیارە بە رێگەی نایاسایی و نافەرمی هێنراوە، بۆیە سبەینێ هەڵمەتەکانمان چڕ دەکەینەوە تاوەکو لە بوونی ئەو مادەیە لە بازاڕەکاندا دڵنیا ببینەوە."
 
 
سەبارەت بە هاوردەکردنی ئەو دەرمانە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەریی عێراق گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەک داواکاریی بۆ هێنانی ئەم مادەیە پێشکێش نەکردووە. ئەمە مادەیەکی کیمیایی دژە بەکتریایە و لە ئاستێکی زۆر سنوورداردا بەکاردەهێنرێت، بەڵام وەک هێنانی فەرمی یان مۆڵەتدان بە کۆمپانیاکان، هیچ داواکارییەک بۆ ئێمە نەهاتووە."
 
زیانەکانی فیورالتادۆن
 
- بەکارهێنانی بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر قەدەخەیە کە گۆشتی بخورێت
- زیان بە DNA دەگەیێنێت کە سەرەتایەکە بۆ شێرپەنجە
- دەرمانەکە پاشماوەی کیمیایی AMOZ لە جەستەی ئاژەڵەکەدا جێدەهێڵێت
- زیان بە بۆ ماوەیی خانەکانی لەش دەگەیێنێت
- هیچ ئاستێکی سەلامەتیی تێدا نییە و نابێ هیچ کاتێک و بەهیچ رێژەیەک بەکاربهێنرێت و رێژەکەی لە گۆشت، هێلکە و خۆراکدا دەبێ ٪0 بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە کاتی دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق

لیژنەیەکی "مەترسیدار" لە پەرلەمانی عێراق زیاد دەکرێت

پەرلەمانی عێراق لیژنەی دەروازە سنوورییەکان زیاد دەکات، ئەمەش بۆ رێگریکردنە لە گومرگ و دەروازەی نایاسایی. پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، "پێکهێنانی ئەو لیژنەیە مەترسیدارە بۆ دەستوەردان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان."