رووداو دیجیتاڵ
گرووپی کەتیبەکانی ئەولیائوڵڵا کە خۆی وەک بەشێک لە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنێت، رایگەیاند بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی گرنگ لە کێڵگەی نەوتیی رومێلان لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی دووشەممە، 23ی ئاداری 2026، بەگوێرەی راگەیێندراوی گرووپەکە، هێرشەکە لە سنووری پارێزگای حەسەکەی سووریا کراوە و ئامانج لێی "تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی و شەهیدانی عێراق" بووە. هەروەها ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەم کارەیان وەک پشتیوانییەک بۆ ئێران و جێبەجێکردنی ئەرکی ئایینیی خۆیان بووە.
گرووپی کەتیبەکانی ئەولیائوڵڵا دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە کراوە و لە داهاتوودا بەپێی توانایان، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان".
هاوکات سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ ناوچەی رۆژهەڵات، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە کرایە سەر بنکەی "خراب جیر" و رایگەیاند: "ئەم هێرشە لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە بووە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون."
ئێوارەی دووشەممە، سەرچاوەیەک لە قامشلۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی 4 تاوەکو 6 تەقینەوە لە دەوروبەری بنکەی "خراب جیر" لە گوندەواری دێرک بیستراوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە "هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە بووە و بەر لەوەی بگاتە ئامانجەکەی، تێکشکێندراوە."
بنکەی "خراب جیر" پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهات، بەڵام ئێستا هیچ سەربازێکی ئەمریکی لێ نییە و تەنیا هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و هێزی ئەمنی گشتیی سەر بە حکومەتی سووریا تێیدا جێگیرن.
هەروەها دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا رایگەیاند، یەکێک لە بنکە سەربازییەکانیان لە گوندەواری حەسەکە ڕووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بووەتەوە کە لە نێو قووڵایی خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون. ئاماژە بەوەش دەکات کە سوپای عێراق دەستی بە پشکنین کردووە بۆ دۆزینەوەی بکەرانی هێرشەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ