رووداو دیجیتاڵ
بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار و جورف سەخر بۆردوومانکران و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، دوو چەکداری حەشدی شەعبی بریندار بوون. هەروەها، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی گوت، "لە بۆردوومانێکدا سەعد بعێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار کوژراوە".
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 00:10ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، بۆردوومانی چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە جورف سەخر کراوە و بەهۆیەوە دوو چەکدار بریندار بوون.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، هەر ئەمڕۆ بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی هەزبە لە ئەنبار بۆردوومانکراوە و تاوەکو ئێستا زانیاری لەسەر زیانە گیانییەکانی بۆردوومانەکە نییە.
لە ناوچەی هەزبەی ئەنبار، لیوای شەشی حەشدی شەعبی جێگیرن تێیدا کە لە کەتیبەکانی جوندولئیمام پێکدێن.
لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا، حەوت جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی بابل، ئەنبار و نەینەوا و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکداری بریندار بوون.
لە بەرامبەردا گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامی رایانگەیاند کە لە 24 کاژێردا 21 هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە ئەنجامداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ