کۆمیسیۆن ماوەى تۆمارى دەنگدەرانى مانگێک درێژکردەوە

23-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ماوەى تۆمارى دەنگدەرانى بۆ مانگێکی دیکە درێژکردەوە، بۆ ئەو کەسانەى خوازیارن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا بکەن. 
 
کردنەوەى دەرگەى تۆمارى دەنگدەران لە 25ـى ئادارى 2025، دەستیپێکرد و ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـى نیسان کۆتایی هات. 
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "درێژکردنەوەى وادەى تۆمارى دەنگدەران لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و تاوەکو مانگێک بەردەوام دەبێت، پێناچێت جارێکى دیکە درێژ بکرێتەوە". 
 
ئەو هەنگاوە بۆ ئەو کەسانەیە مافى دەنگدانیان هەیە و کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان دەرنەهێناوە، تاوەکو بتوانن بەشداریى هەڵبژاردن بکەن.
 
تۆمارکردنەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە ساڵى 2007 لەدایکبوون و یەکەمجاریانە دەتوانن دەنگ بدەن، لەگەڵ ئەو کەسانەى دیکە کە پێشتر مافى دەنگدانیان هەبووە و کارتى بایۆمەترییان دەرنەهێناوە. 
 
عیماد جەمیل رایگەیاند: "لە ماوەى مانگى رابردوودا زیاتر لە 800 هەزار کەس تۆمارى دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە و بەوەش تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 ملیۆن  دەنگدەر دەتوانن بەشداربن لە هەڵبژاردندا".
  
تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداربن لە هەڵبژاردن کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە و کارتەکە مەرجى بەشداریکردنە لەو دەنگدانەدا، کە بڕیارە لە 11ـى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە