رووداو دیجیتاڵ
14 هەزار تۆن چا لە عێراق تێکچووە، بڕیاربوو لە رێگەى بەشەخۆراکى مانگانە (بایەعى) بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێن، بەگوێرەى وەزارەتى بازرگانى، بڕیاردراوە لە زیادکردنى ئاشکرادا بفرۆشرێت بەو مەرجەى ببرێتە دەرەوەى وڵات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـى نیسانى 2025، دەنگۆی مامەڵەکردن بە چاى خراپبوو لە بازاڕە نێوخۆییەکان، کاردانەوەى لەنێوان وەزارەتى بازرگانى و ژمارەیەک پەرلەمانتار لێکەوتەوە.
پرسەکە لەدواى ئەوە گەرم بوو، ژمارەیەک پەرلەمانتار کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانییان لەبارەى گومانى دابەشکردنى ئەو چایە کرد.
ياسر حوسێنى، جێگرى دووەمى سەرۆکى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازیى و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان چەند ئاماژەیەکى بەدی کردووە لەبارەى ئەوەى ئەگەر هەیە زیان بە تەندروستیى هاووڵاتیان بگەیێنێت، کە بریتییە لە فرۆشتنى خۆراکى خراپبووى وەک چا و زەیت، کە گوایە جارێکى دیکە براوەتە بازاڕەکان.
ئەو پرسە کاردانەوەى وەزارەتى بازرگانی لێکەوتەوە و روونکردنەوەى لەبارەى ئەو چا خراپبووەوە بڵاوکردەوە. ئەو وەزارەتە دەڵێت: "ئەوەى باس دەکرێت لەبارەى فرۆشتى چاى تێکچوو، کە هۆکارى تووشبوونە بە شێرپەنجە، راست نییە".
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابووریی و پیشەسازیى و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "گومان دەکرێت ئەو چایە کە خراپ بووە و بۆ بەشەخۆراکى مانگانە کڕدراوە، جارێکى دیکە هێنرابێتەوە و دابەش کرابێت".
بە گوێرەی وەزارەتی بازرگانی، بڕی چاکە 14 هەزار و 845 کیلۆ و 938 گرام بووە و ئەنجوومەنى وەزیران لە 12 تشرینى دووەمى 2024، بڕیاری داوە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بیفرۆشرێت، بەو مەرجەى ببرێتە دەرەوە عێراق و "بەهیچ شێوەیەک" لە نێوخۆدا مامەڵەى پێوەنەکرێت.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکى بەرپرسى وەزارەتى بازرگانیى عێراقەوە دەستى کەوتووە، ئەو چایە خراپبووە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى 2005 و 2006 و 2007 و ئەوکات هاوتاى پێوەرەکانى ئەو وەزارەتە نەبووە، بۆیە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش نەکراوە و لە کۆگەکاندا هەڵگیراوە، وەکو چاى تێکچوو یان نەشیاو بۆ بەکارهێنان پۆڵێن کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بفرۆشرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ