وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، دوو سەربازەکەی پاسەوانی سنوور بە تەقەی گەریلاکانی پەکەکە کوژراون

24-01-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک تەقەیان لە سەربازانی سەر بە لیوای یەکی پاسەوانی سنوور کردووە و لە ئەنجامدا دوو سەربازیان کوژراون و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 24ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە رووداوەکەی ئەمڕۆی سنووری زاخۆ گوتی، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی هێڵی سنووریی عێراق – تورکیا لە ناحیەی باتیفای سەر بە زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە تەقەیان لێکراوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا دوو سەربازی سەر بە لیوای یەکی سنوور لە فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک کوژراون و سەربازێکی دیکەش برینداربووە. 
 
رووداوەکە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێوان گوندەکانی سۆریا و شیلان لە سنووری زاخۆ بووە. 
 
لە بەرامبەردا میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا لەگەڵ هێرشەکانی بۆ سەر گەریلا لە سنووری باتیفا، بۆردوومانی خاڵێکی پاسەوانی سنووری عێراقی لە گوندی شیلانی سەر بە شارەکە کردووە.
 
میدیای نزیک لە پەکەکە دەڵێت، ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لەنێوان گەریلاکان و سوپای تورکیا لەو سنوورە هەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سوپای تورکیا "بە هاوەن بۆردوومانی خاڵێکی هێزی پاسەوانی سنووری عێراقی کردووە کە نزیکی شوێنی پێکدادانەکە بووە و لە ئەنجامدا دوو پاسەوان کوژراون و یەکێکیش بریندار بووە".
 
پێش راگەیێندراوەکەی میدیای نزیک لە پەکەکە، بەرپرسێکی باڵای پاسەوانی سنوور بە رووداوی گوت: "ئەو شوێنەی شەڕەکەی تێدا دروستبووە، بنکەی پاسەوانی سنووری لێ نییە و ئەو سەربازانەیان لە گەڕانێکی ئاساییدا بوون".
 
ئەو سەربازانەی پاسەوانی سنووری عێراق گیانیان لەدەستداوە هەردووکیان کوردن بەناوەکانی عەلی رەمەزان ئیسماعیل و مێهڤان ناجی میرشەرەف، خەڵکی پارێزگای دهۆک؛ ئەوەشی بریندار بووە ناوی بێوار جەلیل ئیبراهیمە لە فریاکەوتنی زاخۆ چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستیی جێگیرە.
   
پاسەوانی سنووری عێراق- ناوچەی یەک، ئەرکیان پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و لە رووی کارگێڕی و داراییەوە سەر بە حکومەتی عێراقن، بەڵام سەربازەکانی ئەو هێزە لەو ناوچەیە خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە