رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق هاووڵاتییان لە چەند جۆرە ساختەکارییەکی "دۆلار و دینار" ئاگادار دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، فێڵبازەکان پەنا بۆ کاغەزی بێبەها دەبەن بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و بەدەستهێنانی مەرامی مادی.
رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەو رێگەیانەی ئاشکرا کرد کە "کەسانی لاواز" بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بەکاری دەهێنن، کە دیارترینیان ئەمانەن:
کاغەزی "یەک ملیۆن دۆلاری"
بانکی ناوەندی دەڵێت، هەندێک کەس پەڕەیەک بە ناوی (1,000,000) یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەفرۆشن وەک ئەوەی دراوێکی راستەقینە بێت، لەکاتێکدا ئەو کاخەزە تەنیا "یادگارییە" و هیچ بەهایەکی نییە و مامەڵەی پێوە ناکرێت؛ چونکە بەرزترین ئاستی دۆلاری ئەمریکی تەنیا (100) دۆلارە.
"دۆلاری رەش"
جۆرێکی دیکەی فێڵکردن بریتییە لە ساخکردنەوەی چەند پارچە کاخەزێکی رەش کە بە قەبارەی دۆلار بڕدراون. فێڵبازەکان بە هاووڵاتییان دەڵێن ئەمە دۆلاری راستەقینەیە و بە مادەیەکی رەش داپۆشراوە، گوایە دوای شتنەوەی بە ماددەی کیمیایی دەبێتەوە دۆلار؛ بانک جەخت دەکاتەوە کە ئەمە تەنیا تەڵەیە و هیچ بنەمایەکی نییە.
دراوە ماوەبەسەرچووەکانی دەرەوە
هەندێک کەس پەنا دەبەنە بەر ساخکردنەوەی دراوی ئەو وڵاتانەی کە لە وڵاتەکانی خۆیاندا لە کارخراون و هیچ بەهایەکی داراییان نەماوە، بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر و بە نرخێکی گران بەرامبەر دیناری عێراقی بە هاووڵاتییانی دەفرۆشنەوە.
پارەی یاریی منداڵان و "نموونە"
جۆرێکی دیکە لە فێڵکردن، بەکارهێنانی ئەو دۆلار و دینارانەیە کە کۆپی کراون و بۆ یاریی منداڵان بەکاردێن، یان وشەی (نموذج، باطل، بطال)یان لەسەرە. بانکی ناوەندی رایگەیاندووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە چاپکردن و هاوردەکردنی ئەو جۆرە کاخەزانە بکەن.
بانکی ناوەندیی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی ئاڵوگۆڕی دراو، بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بکەن و نەکەونە داوی ئەو فێڵانەی کە زیانی گەورەی داراییان پێ دەگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ