رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکى عێراق رایگەیاند لێکۆڵینەوەیان لەبارەى دەنگۆى راکێشانى ئەو 2.5 تریلیۆن دینارە دەستپێکردووە، کە لە سندووقى چاودێریى کۆمەڵایەتیی عێراقدا بووە.
دەستەکە دووشەممە 24ى تشرینى دووەمى 2025 لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، تیمەکانیان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و وردبینى لەبارەی زانیارییەکانی راکێشانى دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار لە سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی، کە لەلایەن میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە.
چیرۆکەکە کاتێک دەستیپێکرد، کە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى رایگەیاند؛ پارەى نێو ئەو سندووقە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە راکێشراوە، بەڵام 23ى تشرینى دووەمى 2025 وەزارەتى دارایی لە روونکردنەوەیەکدا رەتیکردەوە پارەکەى راکێشابێت، بەڵکو هەژمارە بانکییەکەى سڕ کردووە بە هۆى ئەوەى "بۆ مەبەستى دیکە بەکارهاتووە."
ئەو سندووقە تایبەتە بە پارەى مووچەى سوودمەندانى تۆڕى کۆمەڵایەتى، بەڵام وەزارەتى دارایى عێراق دەڵێت: "پارەى دیکەى تێکراوە".
دەستەى دەستپاکیی عێراق رایگەیاندووە کە وردبینى تیمەکانیان بە مەبەستی گەیشتنە بە وردەکارییەکانی ئەو زانیارییانە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەى بە گوێرەى رێکارە یاساییەکان رێوشوێن بگرنەبەر.
هەر لەوبارەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی دووشەممە، 24-11-2025، دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەی لە بارەی دۆسیەکە راگەیاند.
ئەنجوومەنەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دادگای لێکۆڵینەوەی دووی کەرخ، کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، دەستیکردووە بە رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە، سەبارەت بەو بابەتەی لە دەزگاکانی راگەیاندن باسی لێوەدەکرێت لەبارەی دیارنەمانی بڕە پارەیەک، کە بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخان کرابوو."
پێشتر لە 23ى شترینى دووەمى 2025، حەسەن خوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پارەکەی سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی ون نەبووە، بەڵکو بە نووسراوی فەرمیی وەزارەتی دارایی راکێشراوە، لەکاتێکدا نابێت دەست بۆ پارەی ئەو سندووقە ببرێت، بۆیە لە دادگە سکاڵامان تۆمار کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ