رووداو دیجیتاڵ
دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، لە ماوەی 15 رۆژدا دەبێت یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت. سەرۆکی رێکخراوی ستێپ بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی رایگەیاند: "نابێت لە 29ی ئەم مانگە تێبپەڕێت و دەبێت تاوەکو ئەو کاتە یەکەم دانیشتن بکرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی کانوونی یەکەمی 2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد.
سەربەست ئامێدی، سەرۆکی رێکخراوی ستێپ بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویستە لە ماوەی 15 رۆژی داهاتوودا، پەرلەمانی عێراق یەکەم دانیشتنی بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەببات؛ سەرەتا هەموو ئەندام پەرلەمانە دەرچووەکان سوێندی یاسایی دەخۆن و دواتر لە هەمان دانیشتندا سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن."
سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بۆ دەرچوونیان پێویستیان بە دەنگی زۆرینەی رەها (50+1)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمان هەیە.
بە گوتەی سەربەست ئامێدی، تاوەکو 29ی ئەم مانگە پێویستە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت. گوتیشی: "ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە بەڕێوەنەچێت، ئەوە سەرپێچیی دەستوورە."
کێ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەبات؟
عامر حوسێن جاسم فایز، بەربژێری براوەی هاوپەیمانیی "تەسمیم" لە پارێزگای بەسرە کە تەمەنی 77 ساڵە، بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقە و سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات. ئەو ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بووە و 8565 دەنگی بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لە ساڵی 2005ـەوە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کورد دەبێت.
رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ