رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنێکی "نایابمان" لەگەڵ چوار کۆمپانیا سەرەکییەکەی کڕیاری نەوتی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی رۆژانە لەنێوان 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل هەناردە بکرێت. دەشڵێت "تورکیا ئاگاداریان کردووینەتەوە کە پشکنین بۆ سیستەمەکە دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی زیانی بەرنەکەوتووە."
رۆژی پێنجشەممە، 254-5-2023، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە شاری جەدەی سعودیەوە لە وەڵامی پرسیاری لەمیا رەسووڵ، نیردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو وڵاتە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وەکو دەزانن رێککەوتنێک لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، سوپاس بۆ خوا لەراستیدا رێککەوتنەکە رێککەوتنێکی نایاب بوو، ئامانج لەو رێککەوتنە ئەوەیە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت هەستێت بە پڕۆسەی بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتی خاو، سوپاس بۆ خوا توانیمان گرێبەست لەگەڵ چوار کۆمپانیا سەرەکییەکەی کڕیاری نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆ بکەین، بەتوانای 400 بۆ 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە، تورکیا ئاگادارکراوەتەوە کە عێراق ئامادەیە بۆ هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتە."
وەزیری نەوتی عێراق، لەبارەی هۆکاری دەستیپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان گوتی، "برایان لە تورکیا ئاگاداریان کردینەوە کە پشکنین لەسەر سیستەمەکە دەکرێت بەهۆی ئەگەری زیانبەرکەوتنی بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی لە ناوچەکەی دا، بۆیە ئێستا تۆپەکە لە گۆرەپانی تورکیایە."
حەیان عەبدولغەنی لەبارەی بوونی وادەیەکی دیاریکراو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەڵێت" ئومێد دەکەین بەمنزیکانە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."
هەرچەندە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای 38 رۆژ هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ زیانەکانی راگرتنی نەوتی کوردستان دەردەکەوێت تائێستا ئەو زیانانە زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن تێپەڕاندووە، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ