بانکی جیهانی 930 ملیۆن دۆلاری بۆ نوێکردنەوەی هێڵی ئاسنی عێراق پەسند کرد

25-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری بانکی جیهانی، بڕیاری دابینکردنی بڕی 930 ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدان لە نۆژەنکردنەوە و باشترکردنی هێڵی شەمەندەفەری عێراق، پەرەپێدانی بازرگانیی ناوخۆیی، رەخساندنی هەلی کار و هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی پەسند کرد.
 
رۆژی سێشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، بانکی جیهانی لە راگەیێندراوێکدا، بڕیاریدا بە تەرخانکردنی هاوکاریی دارایی بۆ حکومەتی عێراق بەمەبەستی هاوکاریکردنیان لە پڕۆژەکانی تایبەت بە درێژکردنەوە و نۆژەنردنەوەی هێڵەکانی شەمەندەفەری عێراق، لەگەڵ ژێرخانی هێڵی ئاسنی وڵاتەکە و خزمەتگوزارییەکانی نێوان بەندەری ئوم قەسر لە باشووری عێراق و موسڵ لە باکووری عێراق.
 
لە راگەیێندراوەکەی بانکی جیهانیدا هاتووە، پێشخستنی هێڵی ئاسنی عێراق دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاتی گەشتکردن، زیادکردنی قەبارەی گواستنەوەی بار و دابینکردنی دەستڕاگەیشتنێکی باشتری بەکارهێنەران بە ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی بەردەوام.
 
بانکی جیهانی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو هاوکارییە داراییە وەکو بەشێکە لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق، ناسراو بە (IDR) کە لە مانگی ئایاری 2023 راگەیێندرا و ئامانجی گۆڕینی عێراقە بۆ ناوەندێکی گواستنەوەی سەرەکی لە رێگەی بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بە سنووری تورکیا و ئەورووپا لە رێگەی عێراقەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بانکی جیهاندا هاتووە، "رێگەی گەشەپێدانی عێراق دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو بازرگانی لەناو عێراق و ناوچەکەدا زیاد بکات. بەهۆی ئەوەی کەرتی هێڵی ئاسنی عێراقیش بەدەست خراپیی باری تەکنیکی و کەمیی پارەدارکردنەوە دەناڵێنێت، وەبەرهێنان لە تۆڕی شەمەندەفەری ئێستای عێراقدا هەنگاوێکی سەرەکییە لەو پرۆژەیەدا."
 
ژان کریستۆف کارێت، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بانکی جیهانی راگەیاند، "پڕۆژەی بنیاتنان و نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنی عێراق، دەبێتە هۆی گۆڕینی وڵاتەکە بۆ ناوەندێکی گواستنەوەی هەرێمی و یارمەتیدان لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی رێگەی گەشەپێدانی عێراق بۆ باشترکردنی پەیوەندی و هەمەچەشنکردنی ئابووری و گەشە."
 
پڕۆژەی بنیاتنانەوەی هێڵی ئاسنی عێراق کە درێژییەکەی هەزار و 47 کیلۆمەترە، لە نێوان بەندەری ئوم قەسر و موسڵ لە رێگەی بەغداوە نۆژەن دەکرێتەوە.
 
پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای گشتیی هێڵەکانی ئاسنی عێراقەوە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی گواستنەوە جێبەجێ دەکرێت. بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنێکی سەرکەوتوو و خێرا، کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیش کە گرێبەستی لەگەڵ دەکرێت، لە پڕۆژەکەدا بەشدارە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بانکی جیهانی، چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو ساڵی 2037، هێڵە شەمەندەفەرە بووژاوەکە 6.3 ملیۆن تۆن باری ناوخۆیی، 1.1 ملیۆن تۆن هەناردە و هاوردە و 2،85 ملیۆن گەشتیار بگوازێتەوە. 
 
بانکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات هێڵی ئاسنەکە بە 8 پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت و چاوەڕێ دەکرێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە تەواوی عێراق دا و نزیکەی 17 ملیۆن کەس لێی سوودمەند دەبن. پڕۆژەکە بۆ ماوەی زیاتر  لە 7 ساڵ، سێ هەزار هەلی کاری لە بواری بیناسازی دەڕەخسێنێت و  چاوەڕوانیش دەکرێت پڕۆژەکە تاوەکو ساڵی 2040 ساڵانە 21،900 هەلی کار بڕەخسێنێت.
 
ئەو هاوکارییە داراییەی بانکی جیهانی بەشێکە لە پاکیجێکی گەورەی هاوکاریی دارایی ئەو بانکە بۆ هەر یەک لە وڵاتانی عێراق، سووریا و لوبنان. 
 
بانکەکە ئاماژەی بەوە کرد، رەزامەندیی دەربڕیووە لەسەر دابینکردنی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە لە عێراق، سووریا و لوبنان و لەو چوارچێوەیەشدا، بڕی 146 ملیۆن دۆلاری بۆ سووریا تەرخان کردووە بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە بنیاتنان و نۆژەنکردنەوەی کەرتی کارەبا و پشتگیریکردنی بووژانەوەی باری ئابووریی وڵاتەکە.
 
مانگی رابردوو سووریا رێککەوتنێکی لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆمپانیا قەتەری، تورکی و ئەمریکییەکان واژۆ کرد بەمەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژەیەکی کارەبایی بۆ دابینکردنی 5 هەزار مێگاوات کارەبا بۆ بووژاندنەوەی بەشێکی زۆری تۆڕی کارەبای وڵاتەکە کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە.
 
هەر لەو پاکێجی هاوکارییەکەدا، بانکی جیهانی بڕیاریدا بە دابینکردنی 250 ملیۆن دۆلار بۆ پشتگیریکردنی بەپەلەترین کاری چاککردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە گشتییە گرنگە زیانپێکەوتووەکان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان کە بەهۆی شەڕی 14 مانگەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا زیانی بەرکەوتووە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە