کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ مستەفا کازمی دوادەخرێت

25-08-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی رایگەیاند، کۆبوونەوەی دووەمی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ مستەفا کازمی لە بەغدا کە بڕیار بوو ئەمڕۆ بکرێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

بڕیار بوو ئەمڕۆ دووەم کۆبوونەوەی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا لەسەر داواکاریی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی بە سەنگەر عەبدولڕەحمانی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

پێشتر شوان محەممەد، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە بکرێت، ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری دەکات، نوێنەری پارتیش د. فوئاد حوسێنە.

بەڵام د. عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی لە تویتێکدا لە هەژماری تویتەری خۆی نووسیویەتی، "ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دیالۆگین بەو مەرجەی سەرجەم لایەنە سەرەکییەکان بەشداری بکەن."

بەرپرسی لقی بەغدای پارتی ئەوەیشی خستەڕوو، حیزبەکەی بۆ چارەسەر بەشداریی کۆبوونەوە دەکات، "بەڵام بۆ کۆبوونەوەی پێکهێنانی حکومەت، دەبێت هەموو لایەنەکان بەشداری بکەن."

رەوتی سەدر هەر لە سەرەتاوە بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد. ساڵح محەممەد عێراقی، وەزیرەکەی سەدر لە نوێترین تویتیدا هێرشی کردە سەر حیزبەکان و بە "شەلاتی" ناوی بردن و دەڵێت، "نە چاکە و نە چاکسازییان لێ چاوەڕێ ناکرێت، هەرگیز نە سزای ئەندامەکانیان داوە و نە سزاشیان دەدەن. ئەمانە پێکهاتەکانی دەسەڵات (شەلاتین)، باشە چۆن دەیانەوێت خەڵک رێزیان لێ بگرن؟"
 
کۆبوونەوەی یەکەمی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان رۆژی 17ى ئابی 2022، بوو ، دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوەدرا بەشدارانى کۆبوونەوەکە لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتوون.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، سەرکردە سیاسییەکان جەختیان لە دۆزینەوەى چارەسەرى قەیرانەکان کردووەتەوە بە رێگە دیالۆگ و بەردەوامیدان بە پرۆسەى دیموکراسیی دەستوورى. ئاماژە بەوە دراوە، کە هەڵبژاردنى پێشوەخت بەگوێرەى رێکارە دەستوورییەکان بکرێت. هەروەها داواش لە رەوتى سەدر کراوە کە بەشداربێت لە دیالۆگى نیشتمانى بۆ گەیشتن بە چارەسەرى گشتگیر.  
 
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و رەوتى سەدر لەبارەى پێکهێنانى حکومەتەوە ناکۆکن، رەوتى سەدر داوا دەکات پەرلەمان بەبێ کۆبوونەوە هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنى پێشوەختە بکرێت، بەڵام چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەگەڵ ئەوەیە پەرلەمان کۆببێتەوە و حکومەتێکى نوێ پێکبهێندرێت ئەو کات بڕیار لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و هەڵبژاردنى پێشوەختە بدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئەو کچەی کوژراوە

لە بەغدا کچێک بە 'پاساوی شەرەف' دەکوژرێت

لە شاری بەغدا، ماتۆڕسوارێک تەقەی لە کچێک کرد و کوشتی. شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت: "بکوژەکە برای کچەکە بووە."