رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەناچێت.
دووشەممە 26-01-2026، فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ناکرێت".
هاوکات چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا زانیارییەکەی فوئاد حوسێنیان بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، دانیشتنەکەی سبەی بۆ ئەو مەبەستە ساز ناکرێت.
سەرچاوەکانی رووداو هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە بۆ دوو بابەتی سەرەکی دەگەڕێننەوە:
یەکەم: دروستبوونی ناڕەزایی لەنێو بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەشێک لە سوننەکان، بەتایبەتی محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی، کە بووەتە هۆی ئەوەی هەڕەشەی پەکخستنی دانیشتنەکە بکەن.
دووەم: پێدانی دەرفەتی زیاترە بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوەکو لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکبکەون.
لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، یەکێک لە بەربژێرانی سەرۆککۆماری عێراق بە رووداوی گوت، دانیشتنەکە بۆ رۆژی یەکشەممە دوادەخرێت و یەکێک لە هۆکارەکان پێدانی دەرفەتە بە پارتی و یەکێتی بۆ رێککەوتن.
هەروەها شوان داودی، بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ دواخستنی دانیشتنەکە و دوو بۆچوون لە ئارادان؛ یەکەمیان داوادەکات دانیشتنەکە بۆ رۆژی چوارشەممە دوابخرێت کە دەکاتە دوا وادەی دەستووری، بۆچوونەکەی دیکەش داوای دواخستنی دەکات بۆ یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، بەڵام "تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێک نەدراوە".
سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دواخستنی دانیشتنەکە بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان نەدراوە کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق".
بەگوێرەی مادەی 70ـی دەستووری عێراق، پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت. ئەگەر هیچ بەربژێرێک ئەو رێژەیەی بەدەستنەهێنا، کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەکرێت کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و لە گەڕی دووەمدا هەرکامیان زۆرترین دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆمار.
پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە و تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێنەکەوتوون؛ پارتی فوئاد حوسێن و یەکێتیش نزار ئامێدی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ