رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى پەرلەمانى عێراق پێیوایە کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا بکرێتە پرسێکى یاسایی، چارەسەرى ئاسان دەبێت. راشیگەیاند، نابێت مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکرێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان.
مەحموود مەشهەدانى ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق بە "خراپترین" دەزانێت بەهۆى ململانێى چەند لایەنێکەوە لە ساڵانى رابردوودا.
ئەو گوتانەى مەشهەدانى، لە یەکەم پانێڵى سێیەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر بوو، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 26ى شوباتى 2025 دەستیپێکرد.
"مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکرێتە ململانێی سیاسی"
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا بکرێتە پرسێکى یاسایی چارەسکردنى ئاسانە، بەڵام "ئەگەر لە چوارچێوەى سیاسیدا بمێنێتەوە، پێشتر دۆخەکەیمان بینوە".
مەحموود مەشهەدانى گوتیشی، "هەڵوێستمان روون بووە بەوەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نەکرێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان، دەبێت مووچەى بەبێ هیچ مشتومڕێک وەربگرن".
"ئەم خولەى پەرلەمان خراپترین بوو"
یەکێک لەو پرسانەى مەشهەدانی ئاماژەى پێدا، رۆڵى ئەم خولەى پەرلەمان بوو کە لە 2022 دەستەبەکار بووە و کۆتایی ئەم ساڵ کۆتایی دێت.
"ئەم خولەى پەرلەمان خراپترین بوو، ساڵى یەکەم ململانێى نێوان رەوتى سەدر و هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى هەبوو، ساڵى دووەم ململانێ لە نێوان لایەنەکانى ئەنبار دروست بوو، ساڵى سێیەممان بەبێ سەرۆکى پەرلەمان بەڕێکرد و ئەم ساڵیش هەڵبژاردن دەکرێت"، مەشهەدانی وای گوت.
دۆخى ناوچەکە و کاریگەریى لەسەر عێراق یەکێکى دیکە بوو لەو پرسانەى لەو پانێڵەدا تاوتوێ کرا.
مەحموود مەشهەدانی رایگەیاند: عێراق وەک کۆگەیەکی یەدەگى وزەیە و هەموو جیهان دەپارێزێت بە ئەمریکا و وڵاتانى ئەورووپاشەوە، بەوپێیە دەبێت عێراق سەقامگیر بێت، "بۆیە مەترسى لەسەر عێراق نییە لەوەى کە لە دەوروبەرى روودەدات".
دۆخى ناوخۆى عێراق و بونیاتنانى دامەزراوەکانى لە دواى 22 ساڵ لە رووخانى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس پرسێکى دیکەى پانێڵەکە بوو.
سەرۆکى پەرلەمانى عێراق گوتى، "ئەگەر لایەنگیری بەسەر تواناکاندا سەربخرێت، بونیاتنانى دەوڵەت زۆر دوا دەکەوێت، ئەگەر هەیە هەر بونیات نەنرێت، لایەنگیری (وەلائـ) گەندەڵى کارگێڕى و یاسایی و دارایی لەنێو خۆیدا حەشار دەدات".
"ئەگەر ئەنجوومەنى فیدراڵى پێکبهێنرایە، لە زۆر کێشە رزگارمان دەبوو"
مەحموود مەشهەدانى گوتى، "لە رابوون دواکەوتین، لەبەرئەوەى دەوڵەتێکى خاپورکراومان وەرگرت کە 80 ساڵ بوو بونیادنرابوو، ساڵى 2003 دەوڵەت و سیستمى حوکمڕانى پێکەوە رووخێنران، گەندەڵى ببووە دیاردەیەکى کۆمەڵایەتی و لە حکومەتى ئێستاى عێراق دا سنووردار کرا".
یەکێک لەو دەسەڵاتانەى کە رۆڵى دەبێت لە چارەسەرى کێشە کارگێڕیی و دستوورییە نێوخۆییەکاندا، ئەنجوومەنى فیدراڵییە کە وەک پەرلەمانى باڵا لەسەروو پەرلەمانى عێراقەوە دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پێکنەهێنراوە و پڕۆژەیاساکەى لە پەرلەمانە. مەشهەدانى گوتى، "ئەگەر ئەنجوومەنى فیدراڵى پێکبهێنرایە، لە زۆر کێشە رزگارمان دەبوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ