رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 200 رۆژ بەسەر جەنگی غەززە تێپەڕیوە، 'مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' دەڵێت: لەو ماوەیەدا 243 کردەیان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کردووە، زۆربەی ئامانجەکانیشیان لە عێراق بووە.
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 200 رۆژ بەسەر جەنگی غەززەدا، گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە 'مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق' دەناسێنن، ئاماری هێرشەکانیان لەو ماوەیەدا بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە هێرشێکە لە رۆژێکدا.
بەپێی ئامارەکە، کە ئەمڕۆ هەینی، 26-04-2024، لە تەلەگرامی گرووپەکە بڵاوکراوەتەوە، بە گوتەی خۆیان لەو ماوەیەدا 90 هێرشیان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. 88 هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل کردووە. 65 ئامانجیشیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان پێکاوە.
دوایین هێرشی ئەو گرووپە رۆژی یەکشەممەی رابردوو 21-04-2024 بووە، کە بە گوتەی خۆیان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بەرزاییەکانی جۆلان لە ئیسرائیل.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا کرد.
دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بەتووندی وەڵامی دانەوە، لەوانەش کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە نێو جەرگەی بەغدا، گرووپەکە هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
گرووپە چەکدارەکەی شیعەکان ماوەیەکە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە، بە گوتەی خۆیان تاوەکو ئێستا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەکان و بنکە سەربازییەکان و ژێرخانی ئیسرائیل، بەڵام هیچ کام لە هێرشەکانی ئەو گرووپە لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ