رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە بەسرە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان کرد. موسەننا سامەڕائی گوتی، "کەرکووک نموونەیەکی بچووکی عێراقە و یەکێتییەکەی بنەمای سەقامگیرییە." بەگوێرەی راپرسییەکیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای دیالە کورسییەک بەدەست دەهێنێت.
موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم دوێنێ شەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2025 بە یاوەریی د. ئیبراهیم نامس، وەزیری پەروەردەی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە، سەردانی پارێزگای کەرکووکی کرد.
سامەڕائی و ئەندامانی هەڵمەتی بانگەشەی هاوپەیمانییەکەی لە کەرکووک سەردانی ماڵی سەیدەکانی نەعیمی کرد و لەگەڵ سەدام نەعیمی، بەربژێری هاوپەیمانێتییەکە کۆبووەوە. سوفیان عومەر عەلی نەعیمی، ئەمیری هۆزی نەعیم و ژمارەیەک لە شێخ و پیاوماقووڵانی کەرکووک ئامادەبوون.
موسەننا سامەڕائی: متمانەمان بە توانای هاوپەیمانییەکەمانە بۆ نوێنەرایەتی خەڵکی کەرکووک
نووسینگەی هاوپەیمانیی عەزم رایگەیاند، "تاوتوێی دۆخی پارێزگاکە و پێداویستییە خزمەتگوزاری و پەرەپێدانەکانی کرا و جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی عەزم و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاووڵاتییان کرایەوە."
راشیگەیاندووە، "ئامادەبووان پشتیوانیی خۆیان بۆ پڕۆژە و بەرنامە و سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکە دەربڕی، متمانەیان بە توانای هاوپەیمانییەکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کەرکووک و بەرگریکردن لە مافە نیشتمانییەکانیان لە قۆناخی داهاتوودا دووپاتکردەوە."
موسەننا سامەڕائی جەختی لە پشتیوانیی تەواوی سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکە بۆ بەربژێرەکانی کەرکووک کردەوە و "متمانەی خۆی بە توانای ئەوان بۆ نوێنەرایەتیکردنی پارێزگاکەیان بە ئەمانەت، بەرپرسیارێتی و هەوڵدانی جیدی بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی خەڵکەکەی لە پەرەپێدان و سەقامگیریدا" دووپاتکردەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، "قۆناخی داهاتوو پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و چڕکردنەوەی کاری مەیدانی هەیە بۆ گەیاندنی پەیامی هاوپەیمانییەکە کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و توانادان بە پارێزگاکان بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستووری و پەرەپێدانەکانیان دامەزراوە."
لە کەرکووک 250 بەربژێر، کێبڕکێ لەسەر 12 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن، جگە لە کورسییەکی کۆتای کریستیان.
بەهۆی ناکۆکییەوە عەرەبە سوننەکانی کەرکووک، ئەمجارە بە چوار هاوپەیمانێتی و دوو لیستەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە.
بۆ شەوەکەی موسەننا سامەڕائی لە قەزای داقووق-ی سەر بە پارێزگای کەرکووک، بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا کرد کە لەلایەن قاسم فازڵ شەممەری، بەربژێری هاوپەیمانییەکەوە رێکخرابوو.
موسەننا سامەڕائی: کەرکووک نموونەیەکی بچووکی عێراقە و یەکێتییەکەی بنەمای سەقامگیرییە
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە دانیشتووانی قەزاکە و کەسایەتییە دیارەکان بەڕێوەچوو. سامەڕائی لە گوتارێکدا جەختی لەوە کردەوە، کەرکووک بە فرەیی و فرەپێکهاتەییەکەیەوە نموونەیەکی بچووککراوەی عێراقە و یەکڕیزییەکەی بنەمای سەرەکیی سەقامگیریی نیشتمانییە.
بەهۆی ناکۆکییەوە عەرەبە سوننەکانی کەرکووک، ئەمجارە بە چوار هاوپەیمانێتی و دوو لیستەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە.
سامەڕائی داوای کرد، پڕۆگرامی هێزە سیاسییەکان لە خزمەتی پشتگیریکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی متمانەدا بێت لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکەدا. هەروەها دووپاتی کردەوە کە هاوپەیمانیی عەزم لەسەر پڕۆژە نیشتمانییەکەی بەردەوام دەبێت، کە ئامانجی پتەوکردنی سەقامگیری و خزمەتکردنی هاووڵاتییانە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320یان گشتی و 9یان کۆتان.
هاوکات بەگوێرەی راپرسییەک لە پارێزگای دیالە رێکخراوی بەدر سێ کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کورسییەک بەدەستهێنێت. بەربژێرێکی یەکێتی دەڵێت: "کورسییەکمان لە دیالە مسۆگەرە و هەوڵی بەدەستهێنانی کورسی دووەم دەدەین."
سەنتەری نیشتمانی بۆ کاروباری هەڵبژاردن، کە خۆی وەکو سەنتەرێکی خۆبەخش و سەربەخۆ دەناسێنیت، ئەنجامی راپرسییەکی لە پارێزگای دیالە بڵاوکردەوە. راپرسییەکە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنی رووبەڕوو لەگەڵ خەڵک و چالاکڤانان و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کراوە، ئاماژەیەکی سەرەتایی بە نەخشەی نوێنەرایەتیی پەرلەمانی لە پارێزگاکەدا داوە.
وردەکاریی راپرسییەکە و دابەشبوونی دەنگەکان
سەنتەرەکە رایگەیاندووە، راپرسییەکە 700 بەشداربووی لەخۆگرتووە، 550یان پیاو و 150یان ژن بوون، زۆربەی بەشداربووان پێشبینییان کردووە هێزە سیاسییەکان رێژەیەکی نزیک لە یەکدی دەنگ بەدەستبهێنن.
ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای دیالە لە پەرلەمانی عێراق 14 کورسییە، کە 4 کورسییان بۆ کۆتای ژنانە.
دابەشبوونی کورسییەکان بەپێی راپرسییەکە
بەگوێرەی راپرسییەکە، رێکخراوی بەدر 3 کورسی، تەقەدووم و عەزم و حیکمە هەر یەکەیان 2 کورسی، هەروەها دەوڵەتی یاسا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێزە مەدەنییەکان، عەسائیب، سەربەخۆکان و هێزە تورکمانەکان هەر یەکەیان یەک کورسی بەدەستدەهێنن، بەمشێوەیە 14 کورسییەکەی دیالە بەسەر 9 لیست و لایەندا دابەش دەبێت.
سۆران مەنسوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری ژمارە 24ی یەکێتی لە پارێزگای دیالە رۆژی شەممە 25-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتی لە پارێزگای دیالە کورسییەکی مسۆگەرە و هەوڵی بەدەستهێنانی کورسی دووەم دەدات.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین رۆژی 4-10-2025 بە رووداوی راگەیاند، "لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دیالە زیاتر لە 10 هەزار دەنگمان هەیە و دڵنیان بەشداری کارای خەڵک دەمانکاتە خاوەنی کورسییەک لە سنووری پارێزگاکە."
رەخنە لە پرۆسەی هەڵبژاردن
بەشداربووان، لە پێشبینییەکانیاندا پشتیان بەوە بەستووە بە "تێگەیشتنی واقیعییانە" بۆ دۆخی دەنگدەران لە دیالە ناویان بردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە فرەچەشنیی کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکەدا بوارێکی فراوانتر بۆ دابەشبوونی کورسییەکان دەڕەخسێنێت.
بەشێکی زۆری بەشداربووان، بە رێژەی نزیکەی 39%، متمانەیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن نەبووە، نیگەرانیی خۆیان لە ئەنجامەکان دەربڕیوە، هەروەها داوای گۆڕینی نوێنەرانی ئێستای دیالەیان لە پەرلەمان کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ماوەی رابردوودا ئاستێکی باشیان نەبووە.
دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان لە دیالە بەگوێرەی راپرسییەکە:
- بەدر: 3 کورسی
- حیکمە: 2 کورسی
- تەقەدووم: 2 کورسی
- عەزم: 2 کورسی
- دەوڵەتی یاسا: 1 کورسی
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 1 کورسی
- هێزە مەدەنییەکان: 1 کورسی
- بزووتنەوەی عەسائیب: 1 کورسی
- سەربەخۆکان و هێزە تورکمانەکان: 1 کورسی
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320 کورسی بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراون و 9 کورسیش بۆ کۆتای پێکهاتەکان تەرخانکراون.
هەر دوێنێ شەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانییەکەی لە بەسرە، پەیامێکی ئاراستەی جەماوەرەکەی کرد و گوتی: "بەسرە رۆح و ئومێد و داهاتووی عێراقە". محەممەد شیاع سووودانی رایگەیاند، بەڵێنەکانی حکومەتەکەی تەنیا قسەی هەڵبژاردن نین، بەڵکو "گرێبەستی شەرەفن" لەگەڵ خەڵک و داوای لە خەڵک کرد بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردندا بکەن.
بەسرە؛ دڵی ئابووریی عێراق
سوودانی، گوتارەکەی بە ستایشکردنی بەسرە دەستپێکرد و گوتی: "بەسرە شاری نەوت، بەندەر و دەروازەی عێراقە بەڕووی جیهاندا و سەرچاوەی سەرەکیی سامانی وڵاتە. هەروەک چۆن بەسرە خزمەت بە هەموو عێراق دەکات، ئاواش شایستەی ئەوەیە هەموو عێراقییەکان بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانییەکەیدا، چونکە بێ بەسرە عێراقیش نابێ."
سەبارەت بە هاوپەیمانییەکەی، سوودانی رایگەیاند: "بە ناوی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بە ناوی بەربژێرەکانمانەوە کە سەربازی کارکردنن، لە بەردەمتان راوەستاوین. هاوپەیمانییەکەمان کۆمەڵێک کەسی بەپەرۆشە بۆ جێبەجێکردنی کارەکان و بەردەوامیدان بە خزمەتکردن."
بەڵێنەکانی سوودانی بۆ خەڵکی بەسرە
سوودانی، ئاماژەی بە چەندین پڕۆژەی حکومەتەکەی کرد لە بەسرە جێبەجێ کراون و بەڵێنی نوێشی لەبارەی ئاو بە خەڵك دا و دەڵێ: "دوای چەندین ساڵ لە دواکەوتن، مانگی تەممووزی رابردوو دەست بە جێبەجێکردنی گەورەترین پڕۆژەی شیرینکردنی ئاوی دەریا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا، بە تێچووی زیاتر لە 4 ملیار دۆلار لە نزیک بەندەری فاو دروست دەکرێت."
سوودانی بەڵێن دەدات پڕۆژەکە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا تەواو ببێت و کۆتایی بە کێشەی سوێریی ئاو بهێنرێت، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی 6 وێستگەی دیکەی شیرینکردنی ئاو لە سەرانسەری بەسرە داوە، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو پێش هاوینی 2026 تەواو بکرێن.
لە بواری ژینگەشدا، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانی و گەشەپێدان دەڵێ: "هەڵمەتێکی فراوانمان بۆ لابردنی زێدەڕۆکان لەسەر رێڕەوی ئاوەکان لە ناوچەکانی باکووری بەسرە کردووە، بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لە کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان."
لەبارەی کەمکردنەوەی سووتاندنی گازی هاوەڵ سوودانی دەڵێ: "کاریگەرییەکانی سووتاندنی گازی هاوەڵی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر بەسرە، لە ساڵی 2009ـەوە بەردەوامە، چارەسەری دەکەین. لەم حکومەتەدا چارەسەری پێویستمان داناوە، لە ماوەی 30 مانگدا سووتاندنی گاز لە کێڵگەکانی بەسرە دەگەیێنینە سفر."
لەبواری نەوت و وزەشدا سوودانی رایگەیاند: "یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستمان کردەوە، وادەکات بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کۆتایی بە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بهێنین." هەروەها رایگەیاند، دەست بە دروستکردنی پاڵاوگەی فاو دەکەن بە توانای 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
سوودانی بەرهەمهێنانی کارەباش دەکات لە وزەی خۆر و دەڵێ: "لە بەسرەوە کارکردن لەسەر وێستگەی کارەبای خۆری بەسرە دەستیپێکرد، بە توانای 1000 مێگاوات، ئەم پڕۆژەیە دوای چەندین ساڵ لە قسەکردن، بووە راستی."
سەرۆکی هاوپەیامانیی گەشەپێدان و ئاوەدانی باسی کەرتی تەندروستیشی کرد و گوتی :"نەخۆشخانەی سەیاب کرایەوە و رادەستی یەکێک لە دامەزراوە جیهانییە بەناوبانگەکان کرا بۆ بەڕێوەبردنی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 8 پڕۆژەی تەندروستیی دیکە کراونەتەوە. هەروەها بەردی بناخەی چەند نەخۆشخانەیەکی دیکە لە قەزاکانی مەدینە، شەتولعەرەب، ئوم قەسر و خور زوبەیر دادەنرێت."
خوێندن و ژێرخان
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی گەشەپێدان و ئاوەدانی دەڵێ: "کارمان لەسەر دروستکردنی قوتابخانە کردووە و پلانێکی نوێمان داناوە بۆ دروستکردنی قوتابخانەی زیاتر، تاوەکو خوێندکارانمان لە بارودۆخێکی باشتردا بخوێنن، هەروەها کارمان لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی هەندێک ناحیە بۆ قەزا کردووە، وەکو ئوم قەسر."
سوودانی، پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو و رێگەی گەشەپێدانی بە "پڕۆژەی عێراق و پڕۆژەی گەل" ناوبرد و گوتی: "ئەم پڕۆژەیە شادەماری ئابووریی نانەوتیی عێراق پێکدێنێت، خۆشگوزەرانیی ئابووری بە درێژایی رێڕۆکەی دێنێتە دی و هەلی کار دەڕەخسێنێت."
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، "بنکە پیشەسازییەکەی بەسرە لەسەر زەوی جێگیر کراوە و فراوانتر دەبێت، لە بەسرە گەورەترین کارگەکانی یۆریا و پەین، هەروەها گەورەترین کارگەکانی ئاسن و پۆڵا کار دەکەن. کارکردن لە پڕۆژەکانی شاری پیشەسازیی بەسرە و کارگەی بەرهەمهێنانی بۆری دەستیپێکردووە و کار لە دەیان کارگەی دیکەشدا بەردەوامە."
کەرتی تایبەت، پڕۆژەی نیشتەجێبوون و رۆڵی ژنان و هۆزەکان
سوودانی، جەختی لە رۆڵی گرنگی کەرتی تایبەت لە بەسرە کردەوە و بە "هاوبەشێکی سەرەکی" بۆ حکومەتی فیدراڵی و خۆجێیی وەسفی کرد.
هەروەها ئاماژەی بە رێککەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنس کرد بۆ دروستکردنی دوو وێستگەی کارەبا لە بەسرە و دیالە بە توانای 7500 مێگاوات و گوتی: "بەمدواییانەش ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر دروستکردنی وێستگەی کارەبای فاو بە توانای 3000 مێگاوات دا."
سەبارەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بەڵێنی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خاوەن داهاتە کەمەکان دا، لە رێگەی هاندانی وەبەرهێنەران و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئەم چینە.
روونیشی کردەوە: "دابینکردنی شار و زەویی خزمەتگوزاری دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە نیشتەجێبوونی هەڕەمەکی. ئەم هەنگاوە لە پارێزگاکانی دیکە دەستیپێکردووە، بەتایبەتی ئەو زەوییانەی کە بۆ ئەندامانی دەزگە ئەمنییەکان تەرخان کراون."
لەسەر پشتیوانیکردنی چالاکییە وەرزشییەکان، سوودانی، بە شانازییەوە یادی میوانداریکردنی جامی کەنداوی 25ـی لەلایەن بەسرەوە کردەوە و رایگەیاند: "ئەم پاڵەوانێتییە سیمای گەشی عێراقی پێشانی جیهاندا و سەلماندی بەسرە توانای رێکخستن و سەرکەوتنی هەیە."
رەخنە لە گەندەڵکاران و بانگەواز بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن
سوودانی، رەخنەی لە نەیارانی حکومەتەکەی گرت و گوتی: "ئێمە تەنیا گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک دەگرین و گوێ بە ژاوەژاو و هەوڵی تێکدان لەسەر رێڕەوی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان نادەین، گوێش نادەینە دەنگی شکستخواردووان و گەندەڵکاران."
سەبارەت بە دیدگەی بۆ خزمەتی گشتی، رایگەیاند: "تێگەیشتنی ئێمە بۆ خزمەتی گشتی ئەوەیە حکومەتێک بین بۆ خزمەتگوزاری و بەرژەوەندیی گشتی، نەک حکومەتێک بۆ دەسەڵات و باڵادەستی. هیچ کەسێک لە سەرووی دەسەڵاتی گەل و ویستی خەڵکەوە نییە، هەموو ئەوانەی خزمەتی گشتییان پێ سپێردراوە، لە سەرۆکوەزیرانەوە تاوەکو مامۆستای قوتابخانە، خزمەتکاری گەلن."
بانگەوازێکی ئاراستەی هۆزەکانی بەسرە و گەنجان کرد و گوتی: "هۆزە بەڕێزەکانمان لە بەسرە، خاوەنی خۆڕاگری، میواندۆستی، بەخشندەیی و بەهای بەرزن. پشتیوانتانین لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری، کە لە پێناویدا ژمارەیەکی زۆر لە کوڕەکانتان شەهید و بریندار بوون. پشت بە گەنجانی بەسرە دەبەستین لە بزووتنەوەی گەشەپێدان و گۆڕانکاریدا، لەکاتێکدا ئێمە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەدەین."
داوای لە خەڵک کرد بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردندا بکەن و گوتی: "هۆشیاری و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی وا دەخوازێت کە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکرێت و سازش لەسەر ئەو دەستکەوتانە نەکرێت کە موڵکی گەل و داهاتوویانە."
بەرپرسێکی رەوتی حیکمە: زووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیران
محەممەد حوسام حوسێنی، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی رەوتی حیکمە، رۆژی شەممە (25ـی تشرینی یەکەمی 2025) رایگەیاند، گفتوگۆکردن لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیران یان شێوازی پێکهاتەی حکومەتی داهاتوو هێشتا زووە، بەهۆی سەرقاڵبوونی هێزە سیاسییەکان بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەوە.
حوسێنی، لە پۆستێکدا لە هەژمارەی ئێکسی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، روونی کردەوە: "هەمووان ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە دیاریکردنی شێوازی حکومەتی داهاتوودا دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش دا: "فاکتەری دیکەش کاریگەرییان لەسەر رێڕەوی پێکهێنانی حکومەت دەبێت و ئاساییە ئەم رێڕەوانە لەگەڵ واقیعی سیاسیی نوێدا بگونجێن کە سندووقەکانی دەنگدان بەرهەمی دەهێنن."
فەیسەڵ عیساوی: تەفەوق سەر بە هیچ لایەنێکی دەرەکی نییە
فەیسەڵ عیساوی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەفەوق یەکێک لە هاوپەیمانییە سوننەکانە، رۆژی شەممە (25ـی تشرینی یەکەمی 2025) جەختی کردەوە کە هاوپەیمانییەکەیان سەر بە هیچ لایەن و ئەجێندایەکی دەرەکی نییە، بەڵکو لەژێر چەتری هاوپەیمانیی عەزم کار دەکات کە لەلایەن موسەننا سامەڕائییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
عیساوی، لە پۆستێکدا بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند: "هاوپەیمانییەکەمان رۆڵە دڵسۆزەکانی ئەنبار لەخۆدەگرێت کە پاڵپشتیی پڕۆژەی دەوڵەتی نیشتمانییان هەڵبژاردووە، بەدوور لە هەر پڕۆژەیەکی پاشکۆیی یان کاریگەریی دەرەکی."
ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانیی تەفەوق ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو کەس و لایەنانەی بە ئەجێندا دەرەکییەکانەوە بەستراونەتەوە، لای هەموو دانیشتووانی ئەنبار ناسراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ