ژمارەی دانیشتووانی عێراق ساڵانە یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات

26-11-2022
ئەنمار غازی
ئەمە ماڵی خێزانێکی دانیشتووی بەغدایە
ئەمە ماڵی خێزانێکی دانیشتووی بەغدایە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەنێو دوو ژوورى پەرش و بڵاوى یەکێک لە ناوچە زێدەڕۆکانى بەغدا، ئەبو فەلاحى تەمەنى 50 ساڵان لەگەڵ خێزانە 17 کەسییەکەیدا دەژى. ماوەى 11 ساڵە لەو شوێنەدا ململانێى سەختى ژیان دەکەن. ئەوان نە بەڵگەنامەیەکیان هەیە نە مووچەیەک کە پێى بژین. بەگوێرەی مەزەندەکان، ساڵانە یەک ملیۆن کەس لە ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاد دەبن.
 
محەممەد فەڕتوسى، سەرۆکى خێزانەکە دەڵێت، "خێزانەکەم لە 17 ئەندام پێکهاتوون و مووچەم نییە، لەخوا بەزیادبێت بەبێ کەموکورتى تەندروستى و جلوبەرگ دەژین، سەرجەم ئەندامانى خێزانەکەم ناسنامەیان نییە و تەنانەت بەشەخۆراکى مانگانەشمان نییە، بەهۆى ئەوەوە منداڵەکانم نەچوونەتە قوتابخانە، هیچ شتێکیان لە ژیاندا نەبینیوە، تەنانەت زیارەتکردنى ئیمامەکانیش، ئێمە لە ناوچەیەکى زێدەڕۆدا دەژین کە هیچ خزمەتگوزارییەکى تێدانییە، سوپاسگوزارى خودام، کەسانێک دێت پێمدەڵێن مەهێڵە منداڵت ببێت، چۆن رزقێک سنووردار بکەین، کە لەخواوە دێت".
 
وەزارەتى پلاندانانى عێراق دەڵێت، دیاریکردنى ژمارەى منداڵ مافێکى تایبەت بە خێزانەکانە، هیچ بڕیارێک نییە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ دەستوەردان لەو پرسە، بەڵام کار لەسەرە سیاسەتێکى دوورمەوداى تایبەت بە دانیشتووان دەکەن لە رێگەى رێکخستنى خێزان بۆ پارێزگاریکردن لە گەشەى دانیشتووان بەشێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دۆخى ئابووریى وڵات.
 
عەبدولزەهرە ئەلهەنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق گوتی، "هێشتا رێژەى گەشەى دانیشتووان لە عێراق سرووشتییە و زیادبوونەکە نەگەیشتووەتە قۆناخى تەقینەوەى دانیشتووان هەتاوەکو ناچار بین سیاسیەتى دیارکردنى ژمارەى منداڵ بگرینەبەر، ئەوەى کارى لەسەر دەکەین لە چوارچێوەى سیاسەتى دوورمەوداى دانیشتووان پرۆسەى رێکخستنەوەى خێزانە، ئەم پرۆسەیەش لەسەر دوو بنەما بونیاد نراوە، یەکەمیان کەمکردنەوەى ژمارەى وەچەخستنەوە و زیادکردنى ماوەى نێوان منداڵێک لەگەڵ منداڵێکى دیکە، دووەم بنەما ئەوەیە رێژەى گەشەى ساڵانەى دانیشتووان کەم دەکەینەوە کە بێگومان ئێمە تەنیا قسە لەسەر سیاسەتى رێکخستن دەکەین".
 
ژمارەى دانیشتووانى جیهان هەشت ملیار کەسی تێپەڕاند، بەگوێرەى خەمڵاندنى نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو ساڵێک 96 ملیۆن منداڵ لە جیهان لەدایک دەبن لە بەرامبەردا 50 ملیۆن کەس گیان لەدەستدەدەن. ژمارەى دانیشتووانى جیهان لە ساڵى 2050 دەگاتە نۆ ملیار کەس.
 
لە سایەى مەزندە ساڵانەییەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق، ساڵانە یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات، پێشبینی دەکرێت لە ساڵى 2050 ژمارەى دانیشتووانى عێراق بگاتە 82 ملیۆن کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە