رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێ، گرێبەستیان بۆ دابینکردنی "سیستمی دژەدرۆنی پێشکەوتوو" کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، "سیستمەکە تەنیا بۆ دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە و، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."
رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گرێبەستمان لەگەڵ دەستەی پیشەسازیی جەنگی عێراق کردووە بۆ دابینکردنی چەند سیستمێکی بەرگریی دژەدرۆنی پێشکەوتوو."
رۆژی 10ی ئاداری ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی دا لەسەر دەسەڵاتدان بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ دەستەی پیشەسازیی جەنگی بە مەبەستی دابینکردنی سیستمی بەرگریی دژەدرۆن.
وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی، "سیستمەکە بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە" لە هەر هێرشێکی درۆنی.
رۆژی 10ی ئاداری ئەم ساڵ، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق بە رووداوی گوت، سیستمەکە تەنیا بۆ ناوچە فیدراڵییەکان نییە و بۆ هەرێمی کوردستانیش دابین دەکرێ، بەڵام عەبدولئەمیر شەمەری گوتی، "سیستمەکە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."
وەزیری ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرکی دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی وەزارەتی بەرگرییە.
عێراق لەگەڵ ئێران بە رووبەری هەزار و 420 کیلۆمەتر، لەگەڵ تورکیا 335 کیلۆمەتر و لەگەڵ سووریا 618 کیلۆمەتر سنووری هەیە.
لەبارەی دۆخی سنوورەکانیشەوە، وەزیری ناوخۆی عێراق باسی لەوە کرد کە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی "لەوپەڕی ئارامیدان" و بەدیاریکراویش لەبارەی سنووری ئێران گوتی، "هیچ جۆرە سنووربەزاندنێک تۆمارنەکراوە."
سەبارەت بە چەکی بێ مۆڵەتیش وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هەنگاوی گرنگ و گەورەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی بڕیوە و گوتیشی، "لەو رێگەیەوە بە رێژەیەکی زۆر شەڕی عەشایەریمان کەم کردووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ