سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ رووداو: ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 7 خەرجدەکرێت

27-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە نییە."
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە، فەرمان بە وەزارەتی دارایی کراوە مووچەی مانگی 7ی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
 
دوای هەناردەکردنەوەی نەوت و ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی، ئێستا کە هەردووکی کراوە، بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە نەماوە و ئەم هەفتەیە مووچە خەرج دەرێت."
 
 
رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی راسپارد "بە زووترین کات 120 ملیار دیناری دیکە، وەکو بەشی گەنجینەی فیدراڵی بۆ مانگی تەممووزی 2025 بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵی." راشیگەیاند، "بە هیواین پەلە بکرێت لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە رێککەوتنێکی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی."
 
رۆژی 23ی ئەیلوولی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاری دا مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
 
ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 و دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان، کاژێر 06:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستیپێکردەوە، ئەمەش دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە