ئامادەکردنی بودجەی سێ ساڵەى عێراق 2026 - 2028 دەستیپێکرد

27-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەنگاوەکانی ئامادەکردنی بودجەی سێ ساڵەی 2026 بۆ 2028ـی دەستیپێکرد، ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمان رایگەیاند: دەبێت رەشنووسی ئەو بودجەیە لەلایەن حکومەتی نوێوە پەسند بکرێت.
 
ئەو ئامادەکارییەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رۆژی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025 دەستیپێکردووە، ئەوەش لە رێگەی کۆبوونەوەیەکی ماهیر حەماد جوهان، بریکاری وەزارەتی پلاندانان بۆ کاروباری تەکنیکی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و نوێنەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى ئەو وەزارەتە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی رایگەیاند: بەگوێرەی یاسا، حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرە و دەتوانێت رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ئامادە بکات، بەڵام دەبێت حکومەتی نوێ پەسندی بکات و پەرلەمانیش لەدوای سوێندخواردنی ئەندامە نوێیەکانی دەنگی لەسەر بدات.
 
بەگوێرەی رایگەیێنراوێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا چوارچێوەی گشتیی ئەو بودجە سێ ساڵە تاوتوێ کراوە لەگەڵ قەرزە نوێ و بەردەوامەکان و پڕۆژە پێشنیارکراوەکان بۆ ئەو بودجەیە، هەروەها سیناریۆ گونجاوەکان بۆ ئەو بودجەیە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی دواتر بڕیاری لەبارەوە بدرێت وەک پێشینەی کاری بووژانەوە و  ئابووری.
 
جەمال کۆچەر رایگەیاند: "بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی، دەبووایە 15ی تشرینی یەکەم رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی دواتر ئامادە بکرێت و بنێردرێت بۆ پەرلەمان بەمەبەستی تاوتوێکردنی و دواتر پەسندکردنی."
 
ئەوە دووەم جار دەبێت لەدوای یەکەم خولی پەرلەمانی عێراق لە 2005 بودجەی سێ ساڵی لە عێراق ئامادە بکرێت، لەدوای بودجەی رابردوو، کە بۆ ساڵانی 2023 بۆ 2025 بوو.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بودجەی سێ ساڵەدا نییە و پێیوایە کورتهێنانی پلان بۆ داڕێژراو دەکات بە راستەقینە، بەو پێیەی ئەو پارەیەی لە کۆتایی ساڵ لە بودجە دەمێنێتەوە، نابێت بگەڕێنرێتەوە سەر گەنجینەى گشتى و پێویستە خەرج بکرێت.
 
بڕی کورتهێنانی پلان بۆ داڕێژراوی بودجەی پێشووی عێراق زیاتر لە 60 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا خەرجییەکەی بۆ ساڵێک نزیکەی 200 تریلیۆن دینار بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە