رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایدەگەیێنێت، "هیچ پشتگیری و پاڵپشتییەک" بۆ هیچ کەسێک ناکات کە پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو وەربگرێت و دەڵێت، "ئەمە بابەتێکی تایبەتە بە پارتە سیاسییەکان و دەسەڵاتی دادوەری هیچ پەیوەندییەکی پێوە نییە."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە "رەتکردنەوەی تێکەڵکردنی ناوی دەسەڵاتی دادوەری وەک دامەزراوە یان کەس لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ناونانی سەرۆکی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و بەتایبەتی ناونانی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو کردەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنەکە "هیچ پشتگیری، پاڵپشتی یان رایەکی نییە سەبارەت بە هیچ کەسایەتییەکی دادوەری، جێبەجێکار یان سیاسی بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە، لەبەرئەوەی ئەمە بابەتێکی تایبەتە بە پارتە سیاسییەکان و دەسەڵاتی دادوەری هیچ پەیوەندییەکی پێوە نییە."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکان کردووە "رێز لە کاتە دەستوورییەکان بگرن" بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەمی 2025 دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەدەستهێناوە و گەورەترین فراکسیۆنی بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاندووە.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، دیارترین ئەو بەربژێرانەن کە ناویان پێشکێش بە لیژنەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ