بزووتنەوەی نوجەبا بۆ رووداو: ئاگاداری ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر نین

27-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا، بەریبوونی خۆیان لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر رادەگەیێنێت و دەڵێت، لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حکومەت هەیە بۆ بە ئارام هێشتنەوەی دۆخەکە و ئەنجامنەدانی هیچ جۆرە هێرشێک.
 
بزووتنەوەى نوجەبا، گرووپێکى چەکداریى شیعەی عێراقە و یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی حەشدی شەعبی کە نزیکەی 10 هەزار چەکداری هەیە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەهدی کەعبی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەتووندی هێرشکردنەسەر هەر دامەزراوەیەکی عێراقی بەتایبەتی دامەزراوە ئابوورییەکان دەکەین، چونکە لێدان لەو دامەزراوانە لێدانە لە دەوڵەت و حکومەتی عێراق."
 
گوتیشی، "ئاگاداری ئەنجامدەران نین، پێویستە لیژنەیەکی حکومی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و رادەستکردنیان بە دادگە."
 
مەهدی کەعبی دەڵێت، "لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەت و بەرەی مقاوەمەی عێراقی هەیە بۆ بە ئارامی هێشتنەوەی دۆخەکە و، ئەنجامنەدانی هیچ جۆرە هێرش و جموجۆڵێکی سەربازی."
 
دووپاتیشی کردەوە، "هێشتا ئەو لێکتێگەیشتنە بەردەوامە و پابەندین پێوەی، چونکە بەرژەوەندیی عێراق و عێراقییەکان جێگەی بایەخی هەموو لایەکە."
 
شەوی چوارشەممە 26ـی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکراوە. 
 
بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی گاز بۆ ئەو وێستگانە راگیرا کە بە گاز کار دەکەن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان. 
 
هەر ئەمڕۆ، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاشکرای کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووە، بۆ تاوتوێکردنی دەرهاویشتەکانی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا" بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە