مالیکی: گەشبینم بەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی و ئیرادەیەکی بەهێزی لەگەڵ خۆی هێناوە

28-04-2024
نەهرۆ محەممەد
دیمەنی کۆبوونەوەکە
دیمەنی کۆبوونەوەکە
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند "سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکی بەهێزی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
نووری مالیکی، لەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆژنامەڤانان دوا و رایگەیاند "سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکی بەهێز و پتەوی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. گەشبینم بەم سەردانە و ئەو پیاوە چارەسەری لەگەڵ خۆی هێناوە."
 
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش مالیکی جەختی کردەوە لەوەی پێدانی "مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت."
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێ نووری مالیکی لە کەسە یەکەمەکانی شیعەکانە، بۆیە کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی گرنگە. 
 
پەیامنێری رووداو هەروەها دەڵێ نووری مالیکی کاریگەریی زۆری لەسەر حکومەتی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش هەیە، بەو پێیەی سوودانی پەرلەمانتار بووە لەلای لە فراکسیۆنەکەی مالیکی.
 
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی 20 کۆبوونەوەی لەگەڵ زۆربەی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی شیعە و سوننە لە بەغدا دەبێت.
 
کۆمەڵێک بابەتی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا، لەوانە؛ پرسی بودجە و مووچە، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئەجێندای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندان.
 

 
دەقی گوتەکانی مالیکی و پرسیار و وەڵامەکانی:

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: 
 
ئەمڕۆ برای خۆشەویست بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کردین. کۆمەڵێک پرسی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، کە گرنگترینان ئیرادەیەکی بەهێز و پتەو بۆ دۆزینەوە دەرچە و چارەسەرکردنی هەموو ئەوانەی پێیاندەگوترێت قەیران و کێشە کە پێویستی بە کەشێکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. پێشتریش لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووین، تێبینی بە پێزمان وەرگرتووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێی دەکۆڵێتەوە کە پەیوەستن بە دەستوور، جێبەجێکردنی دەستوور، دادگەی فیدراڵی، هەڵبژاردن و بڕیارەکانی ئەمدواییانەی کۆمیسیۆن. پشت بەخوا ئەمە سەرەتایەک دەبێت بۆ  چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان کە لە رابردوو نەمانتوانیوە چارەسەریان بکەین. گەشبینم بەم سەردانە، ئەم پیاوە ئیرادەی چارەسەری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی پێبوو، پشت بەخودا لەو سەردانەوە دەستدەکەین بە دیداری فراوانتر.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو: پێتوایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت؟
 
نووری مالیکی: دوێنێ کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ـمان هەبوو، برامان نێچیرڤان بارزانی ئامادەبوو لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، گفتوگۆ سەبارەت بە سەردانەکەی برام سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق کرا، گفتوگۆکان لەو چوارچێوەیە بوون، بەڵام بە وردی باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرا، ئەوەی هەیە لیژنەیەک پێکهێنراوە و ئەو بابەتە لەگەڵ لایەنی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.
 
پرسیار: سەبارەت بە کردنە ئامانجی هەرێمی کوردستان...
 
نووری مالیکی: قبووڵناکەین شتێک لە خاکی عێراق و تۆزقاڵێکی خاکەکەی بکرێتە ئامانج لەلایەن هەر دەوڵەتێکەوە.
 
پرسیار: هیچ پێشنیازێک هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؟
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا: هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گفتوگۆی لەسەر ئەمە نەکردووە، بەڵکو گوێمان لەوەبووە بڕیارێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەرچووە، هەڵبژاردن بۆ مانگی 10 دوابخرێت؛ بەڵام ئێستا کۆمیسیۆن بەشێوەیەک کاردەکات وەک ئەوەی هەڵبژاردن لە 10ـی مانگی شەش بەڕێوەدەچێت، ئەمە بابەتێکی تەکنیکییە، پەیوەستە بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستانەوە. لە دەسەڵاتی هەرێمە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریبکات، کۆمیسیۆنیش لەو رۆشناییەوە رێکارەکانی دەگرێتەبەر.
 
پرسیار: هەڵوێستتان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی چییە؟
 
نووری مالیکی: پشت بەخوا مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت بینیتان ئەم مانگەی دوایی، مووچەی فەرمانبەران دراوە، چارەسەری راستەقینە و سرووشتی دەبێت بۆ هەموو مانگەکان دەگات، بابەتەکە قورس نییە، کاتێک ویست هەبێت، ویستی هاوکاری و پابەندبوون و دەستوور هەبێت، چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان ئاسانن.   
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەبدوڵڵا عەبدولئەمیر عەبدوڵڵا، کە رەگەزی خۆی بۆ مێ گۆڕیوە و بە "جوجو" ناسراوە

وەزارەتی دادی عێراق بۆ رووداو: 'جوجو' لە زیندان گیانی لەدەستدا

وەزارەتی دادی عێراق گیانلەدەستدانی 'جوجو' لەنێو زیندانێکی شاری بەغدا بۆ رووداو پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای هەبووە