جێگری پارێزگاری بەسرە: پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ملیۆنێک مەتر سێجا ئاومان دەستپێکردووە

28-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی خۆجێی بەسرە هەنگاوەکانی بۆ چارەسەری "گەورەترین کێشە"ی پارێزگاکە دەستپێکردووە. جێگری پارێزگاری بەسرە بە رووداوی گوت، "بە سێ قۆناخ کێشەی پیسبوونی ئاو چارەسەر دەکەین، کە گەورەترینیان بەرهەمهێنانی ملیۆنێک مەتر سێجایە لە رۆژێکدا."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی تەممووز، زەید موئەیەد، جێگری پارێزگاری بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کێشەی پیسبوونی ئاو گەورەترین کێشەی بەسرەیە؛ چەندین پڕۆژەمان دەستپێکردووە بۆ چارەسەرکردنی، یەکێک لەوانە پڕۆژەی قەزای زوبێرە کە 80٪ـی کارەکانی تەواوبووە، بۆ پڕۆژەکانی دیکەش چاوەڕێی وەزارەتی پلاندانانین بۆ پەسندکردنیان."
 
زەید موئەیەد گوتی، "عێراق کێشەی گەورەی لەگەڵ تورکیا هەیە، لەبەر کەم بەردانەوەی ئاو، ئەوەش وایکردووە رێژەی خوێ لە ئاوی بەسرەدا زۆر بەرزبێتەوە. لەهەمان کاتدا رێژەی ئاوی فورات و دیجلە کەمە، لەسەروو ئەوەشەوە چەندین زێدەڕۆیی لەسەر رێڕەوەکانیان دروستکراون."
 
لەبارەی لابردنی زێدەڕۆییەکانەوە گوتی، "ئێمە لە بەسرە سەرجەم زێدەڕۆییەکان لادەبەین و هەڵمەتی فراوانمان دەستپێکردووە."
 
بە گوتەی جێگری پارێزگاری بەسرە، پڕۆژەی کورت مەودا، مامناوەند و درێژ مەودایان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە دەستپێکردووە، "پڕۆژە کورت مەوداکان، بریتییە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بەشێوەی خشتە و کاتی دیاریکراو، بۆ قەزا و گەڕەکەکان."
 
رۆژی 24ـی ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە بەسرە و بەردی بناخەی پرۆژەی شیرینکردنی ئاوی دەریای دانا.
 
زەید موئەیەد ئاماژەی بەوە کرد، "پڕۆژەی شیرینکردنی ئاوی دەریا، گەورەترین پڕۆژەی ئاوە لە بەسرە، کە کارەکانی بە کۆمپانیای پاوەرچاینای چینی سپێردراوە."
 
گوتیشی، "پڕۆژەکە دەتوانێت یەک ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا بەرهەمبهێنێت و لە ماوەی چوار ساڵدا تەواو دەبێت."
 
بەگوێرەی جێگری پارێزگار، پڕۆژە مەودا ناوەندەکان بەم شێوەیەن:
- پڕۆژەی سیبە بە توانای 3000 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا
- پڕۆژەی شەتولعەرەب بە توانای 4000 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا
- پڕۆژەی ئەبوخەسیب بە توانای 3000 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا
 
بە پشتبەستن بە دوایین سەرژمێریی گشتی، زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە بەسرە دەژین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە