رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی نەینەوا دەڵێت، هۆڵەکەی حەمدانیە کە کەوتنەوەی ئاگر تێیدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەروو 100 کەس؛ بەشێوەیەکی نایاسایی دروستکراوە و مەرجەکانی سەلامەتیی تێدا نەبوونە.
رۆژی پێنجشەممە 28-09-2023، عەقید سەعد خەتابی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆڵی هەیسەم، لە قەزای حەمدانیە بەشێوەیەکی ناسایی دروستکراوە و مۆڵەتی دروستکردنی نییە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای نەینەوا گوتی، چەند مادەیەک لە دروستکردنیدا بەکارهێندراون کە خێرا گڕدەگرن و پێچەوانەی رێنوێنییەکانی سەلامەتین، مەرجی سەلامەتی و سیستمی ئاگر کوژێنەوەش لە هۆڵەکەدا نەبوونە.
لەبارەی مۆڵەتی هۆڵەکە، عەقید سەعد خەتابی، دەڵێت، "مۆڵەتی دروستکردنی هۆڵەکە لە دەسەڵاتی شارەوانیدایە، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەتووە، مۆڵەتی دروستکردنی نەبووە، خاوەنەکەی هیچ داوایەکی پێشکێش نەکردووە بۆ دروستکردنی ئەو هۆڵە، لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020 دروستکراوە. هۆڵەکەش لەژێر تاوەرەکانی بەرزەپاڵەپەستۆی کارەبا دروستکراوە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا سەرپێچییەکی گەورەیە."
خەتابی باسی لەوەکرد، زۆر لە خاوەن هۆڵەکان سوودیان لە رەوشی دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە دەست چەکدارانی داعش وەرگرتووە. بۆیە هۆڵ، هۆتێل، باڵەخانە، مۆڵ و شوێنی دیکە بە خێرایی و دوور لە رێنماییەکان دروستکراون.
دەشڵێت، لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ پێداچوونەوە بە مەرجەکانی سەلامەتیی هەموو باڵەخانە، هۆڵ، هۆتێل و شوێنەکانی دیکە کە خەڵک تێیدا کۆدەبنەوە.
شەوی 26-09-2023 ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی قەزای حەمدانییە کەوتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ