نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک بە رووی هەموو جۆرە نەخۆشێکدا دەکرێتەوە

28-12-2020
ناسر عەلی
نیشانەکردن دهۆک کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی نەخۆشخانەی گشتیی ئازادیی دهۆک تایبەت کرا بە چارەسەری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیارە پاش پشووی سەری ساڵی 2021 بەشێکی بە رووی هەموو جۆرە نەخۆشێکدا بکرێتەوە.
 
بە هۆی زیادبوونی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دهۆک، پێش چوار مانگ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بڕیاری دا نەخۆشخانەی گشتیی ئازادیی دهۆک کە گەورەترین نەخۆشخانەی ئەو سنوورەیە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا تەرخان بکات.
 
رۆژی دووشەممە 2020/12/28 دوای کۆبوونەوەیەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بڕیاری دا بەشێک لەو نەخۆشخانەیە جارێکی دیکە بە رووی نەخۆشانی دیکەشدا بکرێتەوە.
 
د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای پشووی سەری ساڵ بەشەکانی راوێژکاری، فریاکەوتنی خێرا، تاقیگەکان و تیشک بە رووی هەموو نەخۆشەکاندا دەکرێنەوە، وەکو پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوە دا، دوای ماوەیەکی دیکە ئەگەر رەوشی کۆرۆنا بەم جۆرە بمێنێتەوە، ئەوا هەموو بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەی گشتیی ئازادی دەکرێنەوە.
 
د. ئەفراسیاب مووسا باسی لەوە کرد کە ژمارەی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دهۆک کەمبوونەتەوە، بەڵام هەر چاودێریی دەکەن و بە هەستیارییەوە هەنگاو دەنێن.
 
لە دهۆک 33 هەزار و 908 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 21 هەزار و 520 کەس چاکبوونەتەوە و 679 تووشبوویش مردوون.
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 102 هەزار و 959 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیە 69 هەزار و 367 کەس چاکبوونەوتەوە و سێ هەزار و 377 تووشبوویش مردوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە