رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلە بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: ''میلیشیا تیرۆریستییە نزیکەکان لە ئێران'' رەنگە ئەو هۆتێلانە بکەنە ئامانج کە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان تێیاندا دەمێننەوە؛ داواش لە هاووڵاتییانی ئەمریکا دەکات بە زووترین کات عێراق جێبهێڵن.
ئەمڕۆ هەینی، 6ی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند: "میلیشیا تیرۆریستییە هاوپەیمانەکانی ئێران، رەنگە هەوڵ بدەن ئەو هۆتێلانە بکەنە ئامانج کە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق روویان تێدەکەن."
باڵیۆزخانەکە داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات بە ''زووترین کات'' و هەر کاتێک رێگەی ئارام هەبوو، خاکی عێراق جێبهێڵن؛ هەروەها داوا لەو کەسانە دەکات کە بڕیاری مانەوە دەدەن، پێداچوونەوە بە بژارەکانی مانەوەیاندا بکەن و هەمیشە ئامادەبن بۆ رووداوەکان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی ئەمریکا بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی هەموو بژارەکان بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتییانی لە جێهێشتنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو ئەمریکییانەی کە بڕیار دەدەن لە عێراق بمێننەوە، باڵیۆزخانەکە هۆشدارییان پێدەدات کە دەبێت ئامادەبن بۆ مانەوە لە شوێنی ئارام بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و پێویستە بڕی پێویست لە "خۆراک، ئاو، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان" پاشەکەوت بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ