رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دواخستنی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار "لەسەر داوای فەرمیی یەکێتی" بووە. دەشڵێت، پرۆسەکە یەک پاکێجە و پەیوەندی بە بەربژێری سەرۆکوەزیرانیشەوە هەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 29-01-2026، د. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی (رۆژی هیوا جەمال) روونکردنەوەی لەبارەی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان دا.
پێشتر وا بڵاوکرایەوە پارتی و یەکێتی داوای دواخستنی دانیشتنەکەی سێشەممەیان کردووە، بەڵام د. دانەر عەبدولغەفار گوتی: "سەرەتا تەمومژێک هەبوو، بەڵام داواکاریی دواخستنی دانیشتنەکە یەکەمجار لەسەر داوای برایانی یەکێتی بوو، ئەوان داواکارییەکەیان پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کرد، دواتر داوا لە ئێمەش کرا هاوکار بین بۆ ئەوەی رێککەوتنێک هەبێت."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی کردەوە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار جیا نییە لە پرسی پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی سەرۆکوەزیران و گوتی: "ئەمە یەک پاکێجە، راستە ئێمە وەک کورد پشکی سەرۆککۆمارمان هەیە، بەڵام کێشەکە پەیوەندیی بە تێکڕای پرۆسەی سیاسی و بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ سەرۆکایەتی وەزیرانیشەوە هەیە."
بە بڕوای د. دانەر، ئەگەر پارتی داوای دواخستنیشی نەکردایە، دانیشتنەکە هەر نەدەگەیشتە رێژەی یاسایی، چونکە "هێشتا لێکتێگەیشتنی تەواو لەنێوان لایەنەکاندا نییە."
سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاشکرای کرد کە حیزبەکەی لە سەرەتاوە خوازیاری ئەوە بووە کورد بە یەک بەربژێری هاوبەش بچێتە بەغدا.
د. دانەر گوتی: "ئەم پۆستە پشکی کوردە و هی هیچ حیزبێک نییە بە تەنیا، بەداخەوە لە رابردوودا ئەم پۆستە وەک پێویست نوێنەرایەتیی عێراق و کوردی نەکردووە." ئاماژەی بەوەش کرد تائێستا گۆڕینەوەی پەیام و کاخەز لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
سەبارەت بە تێپەڕاندنی وادە دەستوورییەکان، د. دانەر عەبدولغەفار ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە یەکەمجار نییە لە عێراق روودەدات و لەم دۆخانەدا پەنا بۆ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەبرێت.
د. دانەر گوتی: "بەهۆی بنبەستی سیاسییەوە، دادگەی فیدراڵی لە رابردوودا (بەپێی بڕیارەکانی ژمارە 23 و 25ی ساڵی 2022) پەرلەمانی پابەند کردووە کە دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا سەرۆک هەڵبژێرێت بەبێ دیاریکردنی کاتەکەی"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ