عێراق هاتنی کرێکارى بیانى لە پێنج وڵات قەدەخە کرد

29-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتى عێراق هاتنی کرێکارى بیانى لە پێنج وڵات بە "کاتى" قەدەخەکرد. وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیش دەڵێت، ئەو بڕیارە بۆ رەخساندنى دەرفەتى کارە بۆ کرێکارى نێوخۆیی. 
 
رۆژی سێشەممە 29ـی نیسانى 2025، حەسەن خەوام، گوتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی عێراق بە رووداوى راگەیاند، بڕیارەکە لە وەزارەتى ناوخۆوە دەرچووە، کرێکارانى سووریایی، پاکستانى، بەنگلادیشى، ئێندۆنیزی و فلیپینى دەگرێتەوە و رێگەیان پێ نادرێت بۆ کارکردن بێنە نێو عێراقەوە".
 
حەسەن خەوام گوتی: "وەزارەتی کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی لایەنى جێبەجێکارى بڕیارەکەیە و لە هەرکوێ ئەو کرێکارانە بەدى بکات وەزارەتى ناوخۆى لێ ئاگادار دەکاتەوە بەمەبەستى گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی لە دژیان."
 
رێوشوێنى عێراق بەرامبەر کرێکارانى نایاسایی؛ دەستگیرکردن و رادەستکردنەوەیانە بە وڵاتەکانیان، یان ئەو وڵاتەى بەقاچاخ لێوەى دەربازى عێراق بوون.
 
گوتەبێژى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند: "دیار نییە ئەو بڕیارە تاوەکو کەى بەردەوام دەبێت، بەڵام لە چوارچێوەى کاردانەوەى حکومەتە بۆ رەخساندنى دەرفەت بۆ کرێکارى نێوخۆیی."
 
25ـی تشرینى دووەم تاوەکو 25ـی کانوونى یەکەمى 2024، وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەرفەتى بە کرێکارانى بیانى دا بۆ ئەوەى دۆخى یاسایی خۆیان لەگەڵ یاسای کارى عێراق بگونجێنن و خۆیان تۆمار بکەن، کە لە رێگەى هەرێمى کوردستانەوە هاتوون و چوونەتە پارێزگاکانى عێراق بۆ کارکردن، بەڵام بە فەرمى تۆمار نەکراون.
 
دوای تۆمارکردنیان، ئەو کرێکارە بیانییانە دەبێت 250 هەزار دینار رسومات بدەن و گرێبەست و شێوازى کارکردنیان بەگوێرەى یاسای کارى عێراق دەبێت، کە لە ساڵى 2015 دەرکراوە.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی دەنگدان لە سلێمانی. وێنە: رووداو

رێکارى ژماردنى دەنگی هەڵبژاردن؛ تیروپشک بۆ هاودەنگەکان دەکرێت

تیروپشک بۆ بەربژێرە هاودەنگەکان، پڕکردنەوەی کورسى بەتاڵى بەربژێرى سەرکەوتوو لە لیستەکەى و هەژمارکردنى بەربژێرى ژنى دەرچوو بە دەنگى خۆى لەسەر رێژەى کۆتا، دیارترین ئەو رێکارانەن کە کۆمیسیۆن بۆ دابەشکردنى کورسی و گۆڕینى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پەسندى کردوون.