باڵیۆزخانەی ئەمریکا: هیوای سەرکەوتن بۆ عەلی زەیدی دەخوازین

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق راگەیاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێ لە ئەرکی پێکهێنانی کابینە نوێیەکەیدا.

بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی نیسانی 2026 باڵیۆزخانەی ئەمریکا، واشنتن چاوەڕوانی ئەوە دەکات حکومەتی داهاتوو کارا بێت و بتوانێت خواست و داواکارییەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت، بە ئاراستەی دابینکردنی داهاتوویەکی گەشتر و ئارامتر بۆ وڵاتەکە.

لە راگەیێندراوەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ گەلی عێراق دووپاتکردوەتەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان "کە گرنگترینیان پاراستنی سەروەریی عێراق، بەهێزکردنی ئاسایش بۆ تێکشاندنی تیرۆر، بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشە کە سوودی بەرجەستەکراو بۆ ئەمریکی و عێراقییەکان بەدەستبهێنێت."

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، واشنتن خوازیاری بنیاتنانی داهاتوویەکی ئابووریی گەشە کە سوودی بەرچاوی بۆ هەردوو گەلی ئەمریکا و عێراق هەبێت و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەهێزتر بکات.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28ی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردرا و 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی. 

دەقی پەیامەکەی نێردەی ئەمریکا لە عێراق:

"نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق باشترین هیوای خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، عەلی زەیدی دەردەبڕێ لە هەوڵەکانیدا بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای بەدیهێنانی خواستەکانی هەموو عێراقییەکانی هەبێت، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی داهاتوویەکی گەشتر و ئاشتییانەتر. هەروەها هاوسۆزی و پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی عێراق رادەگەیەنین کە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان دەدەن، کە خۆیان لەمانەدا دەبیننەوە: پاراستنی سەروەریی عێراق، بەهێزکردنی ئاسایش بۆ تێکشاندنی تیرۆر، بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشە کە سوودی بەرجەستەکراو بۆ ئەمریکی و عێراقییەکان بەدەستبهێنێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە