سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرى بازرگانیى تورکیا رێگەى گەشەپێدان تاوتوێ دەکەن

29-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرى بازرگانیى تورکیا کۆبوونەوە و پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدانیان تاوتوێ کرد. محەممەد شیاع سوودانى ستایشی پەرۆشیی تورکیاى بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە کرد.
 
29ى ئابى 2023 محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا و ژمارەیەک لە سەرمایەدارانى ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانى جەختى لە گرنگیى بەهێزکردنى هاریکاریى نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە و ستایشی پەرۆشیی تورکیاى کردووە لە بواری پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان.
 
رێگەى گەشەپێدان، هێڵێکە کە 15 کۆمپانیا جێبەجێى دەکەن. بەگوێرەی دیزاین و پلانەکە، درێژییەکەى 1200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووی 17 ملیار دۆلار دەبێت؛ 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت، کە دوو هیڵى هاتن و چوون دەبن و بڕیارەکە بەو جۆرەیە کە ساڵى 2028 تەواو بێت کە لە شارى بەسرەوە دەستپێدەکات و دەچێتە تورکیا.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتى وڵاتەکەى پەرۆشە بۆ سەرخستنی پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان وەک رێگەیەکى گرنگى بازرگانیى جیهانى.
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى ئاماژەى بەوە داوە کە  ئەو سەرمایە مرۆیی و سرووشتیەى عێراقى هەیەتى، دەتوانێت وا بکات عێراق ببێتە خاڵى پەیوەندی و ناوچەیەکى بوژاندنەوە و هاوبەشی بۆ هەموو وڵاتانى دراوسێ.
 
28ى ئابى 2023 عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا گەیشتە عێراق و لەگەڵ سەرۆککۆمار و چەند وەزیرێکى دیکەى عێراق کۆبوونەوە، دوای ئەوەى 22ى ئاب هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا گەیشتە بەغدا و 23ى ئاب سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە سەرۆک حیزبەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە