رووداو دیجیتاڵ
شەش مانگە نزیکەی 100 دەرچووی بەشە پزیشکییەکان لە کەرکووک خۆپێشاندان دەکەن و داوای دامەزراندن دەکەن، بەڵام حکومەت بە بیانووی ئەوەی ناسنامەکانیان1957ـی قادرکەرەم و سەنگاو و چەمچەماڵە، ئیدارەی کەرکووک فەرمانی دەستبەکاربوونیان پێ نادات.
ئەحمەد مەجید یەکێکە لە دەمەزرێنراوان لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "لە مانگی سێی ئەم ساڵەوە فەرمانەکانی ئێمە وەستێنراوە و تەنیا بیانووشیان ئەوەیە کە ئێمە ناسنامەکانمان سەر بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا زۆربەمان ناسنامەی 1957مان هەیە کە دەیسەلمێنێت ناوچەکانی چەمچەماڵ و قادرکەرەم سەر بە کەرکووک بووە."
فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لەوە گەیشتووە کە دەرچووەکان هیچ کێشەیەکیان نیە و دەڵێت، "نووسراومان بۆ کردوون بەڵام ئیدارەی کەرکووک وورد بینی ئەمنییان بۆ دەکات و ئەمەش کاتی پێویستە."
زیاد خەڵەف بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک، بەوەکالەت رایگەیاند "ئەم کارە پێویستی بە کاتە ، قۆناعی یەکەم دەستیان بەدەوام کردووە و هەموو دامەزراندنەکان نێردراوە بۆ پارێزگا تاوەکو رێگەپێدانی ئەمنیان بۆ بکرێت و قۆناغ بە قۆناغ نێردراون و قۆناغ یەکەم تەواو بووە و دەوام دەکەن و قۆناغی دووەم لە هەفتەکانی داهاتوو هەموویان دەستبەکاربوونیان بۆ دەکرێت."
ئۆفیسی کەرکووکی ماددەی 140 ، بەنووسراوێک لیژنەی باڵای ئەو ماددەی ئاگادار کردووەتەوە کە ڕاکان سەعید پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، رێگری دەکات لە دەستبەکاربوونی 800 دەرچووی کورد، کە ناسنامەی 1957ـی کەرکووکیان هەیە و داوای کردووە بەپەلە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
کاکەڕەش سديق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی ماددەی 140 باس لەوە دەکات، "800 خوێندکارمان هەبوو لە بەشی پزیشکی و وەزارەتی تەندروستی، هەموویان تائێستا دانەمەزرێندراون بەبیانووی ئەوەی کە سەرژمێری 57 یان نییە."
ئەو دەرچووانە ناویان لەگەڵ 3500 دەرچووی دیکە هاتبووەوە، بەشێکی زۆریان عەرەب و دواتر تورکمان بوون و لە بنکە تەندروستییەکان دەستبەکار بوون، بەڵام دەرچووە کوردەکان فەرمانی دەستبەکاربوونیان راگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ