رووداو دیجیتاڵ
خامنەیی دەڵێت، تەنانەت بوونی یەک سەربازی ئەمریکیش لە عێراق "زۆر زۆرە" و باس لەوە دەکات، پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران "دوژمنی بەهێزی هەیە".
ئێوارەی رۆژی شەممە، 29ـی نیسانی 2023، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە تویتێکدا نووسی: "ئەمریکا هاوڕێی عێراق نییە. ئەمریکا هاوڕێی هیچ کەسێک نییە. ئەوان تەنانەت دڵسۆزییان بەرامبەر بە هاوڕێ ئەوروپییەکانیشیان نییە".
رێبەری باڵای ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بوونی تەنانەت یەک تاکە سەربازی ئەمریکاش لە عێراق زۆر زۆرە".
رۆژی شەممە، 29ـی نیسان، د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، هاوتا ئێرانییەکەی و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کۆبووەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکە، خامنەیی رایگەیاند، پێشڤەچوون، خۆشگوزەرانی و سەربەخۆیی عێراق بۆ ئێران "زۆر گرنگن". گوتیشی هاوئاهەنگی و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی پێشتر هەردوو لا لەسەریان رێککەوتوون، سوودی بۆ هەردوولا دەبێت.
خامنەیی لە تویتێکی دیکەدا باس لەوە دەکات، فراوانکردنی مەودای پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران "دوژمنی بەهێزی هەیە". باسی لەوەشکرد، ئەگەر هەردوو وڵاتەکە "پەیوەندیی بەهێزی مێژوویی و ئاینیی نەبووایە، دەکرا پەیوەندیی نێوانیان گەڕابایەوە دۆخی سەردەمی سەدام حوسێن".
لای خۆیەوە، سەرۆککۆماری عێراق بە خامنەیی راگەیاند کە "هەوڵی سەرەکیی عێراق، بەهێزکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئێران و چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکی هەڵپەسێردراوە".
ئێران بەردەوام لە دژی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا وەستاوەتەوە و بوونی هێزی رۆژئاوا بە "کرۆکی ناسەقامگیریی ناوچەکە" دادەنێت.
ئەمریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق هەیە و راوێژ و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ