دەستپاکیی عێراق: زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلاری دزراوی شارەوانیی بەغدا لە لوبنانەوە گەڕێندرایەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، توانیویانە زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلاری دزراوی سەر بە شارەوانیی بەغدا لە لوبنانەوە بگەڕێننەوە، ئەوەش دوای بردنەوەی کەیسێکی یاسایی لە دادگەکانی ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق.
 
رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت، بڕیاری دادگەی لوبنانی بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان سەپاندووە، کە بڕەکەی 3 ملیۆن و 14 هەزار و 457 دۆلارە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، پارەکە لە هەژماری باڵیۆزخانەی عێراق لە بانکی رافیدەین لقی بەیرووت دانراوە و دواتر لە رێگەی سیستمی جیهانیی گواستنەوەی دارایی (SWIFT) رەوانەی عێراق کراوەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستەی دەستپاکی بەردەوامە لە رێکارە یاساییەکان بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتیی یەکەیەکی نیشتەجێبوون کە تاوانبارەکە بە پارە دزراوەکە لە ناوچەی (راس بەیرووت) کڕیویەتی.
 
رێکارەکان لەگەڵ وەزارەتی داد و باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی بۆ ئەوەی ئەو موڵکەش بگەڕێندرێتەوە بۆ سەر خاوەندارێتیی حکومەتی عێراق.
 
زینە سعود کێیە؟
 
تاوانباری سەرەکیی کەیسەکە فەرمانبەرێکی شارەوانیی بەغدایە، بە ناوی (زینە سعود). لە ساڵی 2010 لە کاتی هەوڵدان بۆ راکردن لە لوبنان بەرەو تورکیا بە پاسپۆرتێکی ساختە دەستگیرکرا.
 
لە کاتی دەستگیرکردنی دا، دەست بەسەر ملیۆنێک و 100 هەزار دۆلاری نەختینە و دوو کیلۆگرام زێڕدا گیرا، لەگەڵ چەندین خانوو و موڵک کە تۆمەتبارەکە بە بەهای دوو ملیۆن دۆلار کڕیبوونی. 
 
ئەم بڕە پارەیە بەشێکە لەو 17 ملیار دینارەی کە پێشتر لە شارەوانیی بەغدا دزرابوو. 
 
دادگە سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ زینە سعود بڕیوەتەوە و بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی هەموو داراییە گوازراوە و نەگوازراوەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بۆ دەرکردووە. 
 
پێشتریش لە ساڵی 2022دا، بڕی 9,384,499 دۆلاری دیکە لەو پارانە گەڕێندرایەوە کە تاوانبارەکە لە پێنج بانکی جیاوازی لوبنانی بە ناوی خوازراوەوە دای نابوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەگەڵ مالیکی و حەلبووسی

کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەگەڵ مالیکی و حەلبووسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکات

جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ نووری مالیکی و محەممەد حەلبووسی، پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتنی تاوتوێ کرد