رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، رۆژنامەڤانێکی بیانی لە بەغدا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە رفێندراوە و هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی راوەدووناندا توانیویانە یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 31-03-2026، رۆژنامەڤانێکی بیانی، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە رفێندرا. دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی، دەستیان بە راوەدوونانی رفێنەرەکان کرد.
شێلی کیتلسۆن، ناوی رۆژنامەڤانەکەیە و بە رەچەڵەک ئەمریکییە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی راوەدوونانەکەدا هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ئۆتۆمبێلی رفێنەرەکان گەمارۆ بدەن و لە کاتی هەوڵدانیان بۆ هەڵاتن، ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە. هێزە ئەمنییەکان یەکێک لە تۆمەتبارەکانیان دەستگیر کردووە و دەستیان بەسەر یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەدا گرتووە کە لە تاوانەکەدا بەکارهاتووە.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، "هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکانی دیکە و رزگارکردنی رۆژنامەڤانە رفێندراوەکە بەردەوامن." هەروەها وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی رووداوەکە بەردەوامن و رێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە تێوەگلاون.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداریی داوە و رایگەیاندووە، "رێگە بە هیچ هەوڵێک نادرێت بۆ تێکدانی ئاسایش یان بە ئامانجگرتنی میوانە بیانییەکان، هێزە ئەمنییەکانمان بە وریایی و تووندییەوە رووبەڕووی یاساشکێنان دەبنەوە و رادەستی دادگایان دەکەن."
بەگوێرەی زانیارییەکان، رۆژنامەڤانەکە ژنە و ئەمریکییە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی سەعدوون-ی ناوەڕاستی بەغدا رفێنراوە. ساڵانێکی زۆرە لە ئیتاڵیا نیشتەجێییە، لەگەڵ ئاژانستی هەواڵی ئیتاڵیا کاردەکات لەگەڵ ئەوەشدا وەک رۆژنامەڤانێکی فریلانس (سەربەخۆ کە کار بۆ ئەو میدیایە دەکات پارەی کارەکەی بدات) بۆ ژمارەیەک ماڵپەر و میدیا کاردەکات لەوانەش مۆنیتەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ