رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و بڕیاریدا لێپرسینەوە لە "بەرپرسانی کەمتەرخەم" بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رەزامەندیی لەسەر گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عێراق دەربڕی. ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتە بۆ پڕچەککردنی هێزە چەکدارەکان بە تەکنەلۆژیای سەردەمییانە.
بەهۆی بەڕێوەچوونی یاریی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر بۆلیڤیا لە مەکسیک، بڕیارە کاژێر 6:00ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە بەڕێوەبچێت، حکومەت بڕیاریدا دەوامی فەرمیی فەرمانبەران بۆ سبەی لە کاژێر 8:00ـەوە بۆ 9:00ی بەیانی دوابخات. هەروەها بڕیاردرا پاداشتی دارایی بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەکە تەرخان بکرێت، ئەگەر بگەنە یارییەکانی کۆتایی مۆندیال.
سەبارەت بە دۆخی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە:
- بڕیاردرا وردبینی لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی وەزارەتەکاندا بکرێت.
-ئەو بەرپرسانەی زانیارییە داراییەکانیان بۆ لیژنەکان نەناردووە، رەوانەی لیژنەی لێکۆڵینەوە کران.
-سزادانی ئەو بەڕێوەبەرانەی لە کاتی دیاریکراودا وەڵامی نووسراوەکانی حکومەتیان نەداوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان کرا بەهۆی بارگرژییەکانی ناوچەکەوە. سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی، کورتەیەکی لەبارەی دۆخەکەوە پێشکێش کرد و بڕیاردرا هاوئاهەنگی لەنێوان لایەنە مەدەنی و سەربازییەکاندا بکرێت، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا و لەگەڵ گونجاویی بارودۆخەکە، گەشتەکان دەستپێبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ