ئاژەڵدارانی سووریا گلەیی لە بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک دەکەن؛ "هاوکاریمان نەکەن، واز دەهێنین"

03-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
کێڵگەیەکی ئاژەڵان لە سووریا
کێڵگەیەکی ئاژەڵان لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئاژەڵدارانی شاری لازقییەی سووریا گلەیی لە نەبوون و بەرزی نرخی ئالیک دەکەن و دەڵێن، ناتوانن بەوشێوەیە بەردەوام بن، ئەگەر هاوکاری نەکرێن، واز لە کارەکەیان دەهێنن. 
 
محەممەد ناسر، ئاژەڵدارێکە و دەڵێت، "ئالیک، دەرمان و گواستنەوەی ئاژەڵەکان زۆر گرانن. کاتێک کە پزیشکانی ئاژەڵانیش سەردانی کێڵگەکانی ئاژەڵان دەکەن، داوای پارەیەکی زۆر دەکەن. کاتێکیش کە نرخی ئالیک بەرزدەبێتەوە. نرخی شیر و گۆشتیش بەرزدەبێتەوە." 
 
لە رابردوودا سووریا وڵاتێکی کشتوکاڵی بوو، دەیتوانی بەروبوومی پێویست بۆ ئاژەڵدارانی نێوخۆ ئامادە بکات، بەڵام ئێستا رووبەڕووی کێشەی دابینکردنی ئالیک بۆ ئاژەڵدارەکان بووەتەوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 2011ـەوە کاتێک شەڕی نێوخۆ لە سووریا دەستیپێکرد، وڵاتەکە تاوەکو ساڵی 2022 نزیکەی نیوەی سامانی ئاژەڵی لەدەستداوە.  
 
ئەو بڕە ئالیکەی لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت، بەشی پێویستی ئاژەڵداران ناکات. ئاژەڵەکان بەرەڵا دەکرێن بۆ ئەوەی لە سرووشتدا بلەوەڕێن و خەرجییان کەمتر بێت. 
 
عەلی غانم، ئاژەڵدارێکی دیکەیە و دەڵێت، "دامەزراوەکان ئالیکی سێ مانگمان بۆ دابین دەکەن، بەڵام ئەو بڕە ئالیکە بەشی یەک هەفتەی مانگایەک دەکات، ئێمەش توانامان نییە خۆمان ئالیک بۆ هەموو مانگاکان دابین بکەین." 
 
بەشێک لە خاوەن کێڵگەکانی ئاژەڵان دەڵێن، بەهۆی ئەو کێشە داراییانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە، کێڵگەکانیان داخستووە و بەشێکی دیکەشیان بیریان لەوە کردووتەوە کێڵگەکانیان دابخەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە