هەسەدە: بەهاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان ئەندامێکی مەترسیداری داعش لە رەققە دەستگیرکرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە گوندێکی سەر بە شاری رەققە ئەنجامداوە و ئەندامێکی "مەترسیدار"ی داعشیان دەستگیرکردووە کە 'بەرپرسی دروستکردنی بۆمبی چێندراو' بووە.
 
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی (TOL) بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە گوندی مشلەبی سەر بە شاری رەققە هەڵیانکوتاوەتە سەر حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش و توانیویانە چەکدارێک بە ناوی "خەلف حوسێن ئیبراهیم عەید" دەستگیربکەن.
 
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری ئەنجامدراوە؛ "لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو چەکدارەدا، دەستبەسەر بڕێک چەک، تەقەمەنی، ئامێری پەیوەندیکردن و چەند بەڵگەنامەیەکی تایبەتدا گیرا."
 
'بەرپرسی بەشی تەقاندنەوە بووە'
لەبارەی ناسنامە و ئەرکی ئەو چەکدارە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، دەستگیرکراوەکە دانی بەوەدا ناوە کە ئەندامی بەشی بۆمبچاندن و تەقاندنەوە بووە لەناو داعش و، تێوەگلاوە لە چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە رێگەی دروستکردن و چاندنی بۆمبی چێندراو دژی هێزەکانی هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی."
 
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەو چەکدارە بەرپرسیار بووە لە دابینکردن و دابەشکردنی ماددەی تەقەمەنی بەسەر شانە نوستووەکانی دیکەی رێکخراوەکەدا لە ناوچەکەدا."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە