رووداو دیجیتاڵ
شێخ حیکمەت هەجەری، سەرکردەی باڵای دروزەکانی سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە داوایکرد، "هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی" بچێتە سووریا بۆ ئەوەی پێکهاتەکەیان بپارێزێت. دیمەشق دژایەتیی خۆی بۆ داواکارییەکە دەربڕی و رایگەیاند، ئەوە تەنیا دەبێتە هۆی "دووبەرەکیی زیاتر."
داواکارییەکە دوای ئەوە هات دوو رۆژی رابردوو شەڕی خوێناوی لەنێوان هێزە دروزەکان و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق دروستبوو و دەیان کەس کوژران.
دوای ئەوەی کە تۆمارێکی دەنگی بڵاوبووەوە کە گوایە تێیدا کەسێکی دروزی سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام دەکات، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، لە شاری جەرەمانا کە دروزی و کرستیانەکان تێیدا نیشتەجێن، شەڕ هەڵگیرسا.
شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، شەڕەکە پەرەیسەند بۆ ناوچەی سەحنایا، کە ئەوێش دروزی و کرستیانەکانی لێیە.
بە گوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا لانیکەم 73 کەس کوژراون. رۆژانی سێشەمە و چوارشەممە، لە جەرەمانا 30 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی بەرگریی سووریا، 15 چەکداری دروزی و کەسێکی سڤیل کوژران. هەروەها رۆژی چوارشەممە، لە پارێزگەی سوەیدا لە باشوور، 27 چەکداری دروزی کوژران، 23 لەوانە لەسەر رێگەی سوەیدا کەوتبوونە "بۆسەیەکەوە".
هەجەری کە بە رێبەری رووحیی دروزەکانی سووریا دادەنرێت، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەوەی لە جەرەمانا و سەحنایا لە نزیک دیمەشق روویداوە، "هێرشی جینۆسایدی ناڕەوایە" دژی "ئەو خەڵکەی ئاشتییانە لە ماڵەوە دانیشتوون."
هەجەری هەروەها دەڵێت: "چیدیکە متمانە بەو دەستەیە ناکەین کە خۆی بە حکومەت دادەنێت، چونکە هیچ حکومەتێک لە رێگەی تاوانکارە تەکفیرییەکانی سەر بە خۆیەوە گەلی خۆی ناکوژێت و دواتر لە دوای کۆمەڵکوژییەکان بێت و بڵێت ئەوانە کەسانی لادەرن."
پیاوە ئاینییەکە جەخت دەکاتەوە کە "بەهۆی کوشتنی بەکۆمەڵی نەخشە بۆ دانراو، پێویستە دەستبەجێ هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی دەستوەردان بکات بۆ ئەوەی رێگری لە بەردەوامبوونی ئەم تاوانانە بکات و دەمودەست بیانوەستێنێت."
لە وەڵامی ئەوەدا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "هەر داوایەک بۆ دەستوەردانی دەرەکی، بە هەر پاساو و ناونیشانێک بێت، جگە لە نائارامی و دووبەرەکیی زیاتر، هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە."
شەیبانی هۆشداریشی دا لەوەی کە "ئەو کەسەی داوای ئەم جۆرە دەستوەردانە دەکات، لە بەرامبەر سووریاییەکان و مێژوو دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارێتیی مێژوویی، ئەخلاقی و سیاسی. چونکە ئەنجامی ئەم جۆرە داواکارییانە تەنیا وێرانکارییەکی هەنووکەیی نابێت، بەڵکو بۆ چەندین دەیە لە پەرتەوازەیی، لاوازی و دووبەرەکی، درێژ دەبێتەوە."
ئیسرائیل کە هێزە نوێیەکانی سووریا بە جیهادی و تووندڕۆ دەبینێت، رۆژی چوارشەممە هێرشی ئاسمانی کردە سەر سووریا. سوپاکەی گوتی، لەلایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە فەرمانی پێکراوە هێزەکانی حکومەتی سووریا بکاتە ئامانج "ئەگەر تووندوتیژیی لە دژی دروزەکان بەردەوام بوو."
نووسینگەی نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هۆشداریی روون بە رژێمی سووریا دراوە. ئیسرائیل چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەکات بۆ پاراستنی دروزەکان هەنگاو بنێن."
رۆژی پێنجشەممە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی کەمینەکانی سووریا، بە تایبەتی دروزەکان، لە رژێمی سووریا و دەستە تیرۆرستەکانی، جێبەجێ بکات."
رۆژی چوارشەممە، نوێنەرانی دروزی و بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق کۆبوونەوە و ئاگربەستیان لە هەردوو ناوچەکەی نزیک دیمەشق راگەیاند.
هەمان رۆژ، حکومەتی دیمەشق رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئارامی، هێزەکانیان لە سەحنایا جێگیر بوون. گوتیشی، ئەوانەی شەڕەکەیان ناوەتەوە، "گرووپی لەیاسا دەرچوون."
هەر بەهۆی ئەو شەڕەوە کە هەڵگری سیمای تایفەگەری بوو، لە چەندین شوێنی دیکە پشێوی دروست بوو، لەوانەش لە سوەیدای زۆرینە دروزی.
روانگەی سووری و میدیای خۆجێیی پارێزگەکە باس لەوە دەکەن کە رۆژی چوارشەممە، هەندێ هێرشی سنووردار کراونەتە سەر چەند گوندێک.
بە گوێرەی روانگەی سووری، رۆژی چوارشەممە، پێش ئەوەی بە رێککەوتن هێزە ئەمنییەکان لە سەحنایا بڵاوبکرێنەوە، کاروانێکی دروزەکان لە سوەیداوە رۆشتووە بۆ سەحنایا بۆ پشتیوانیکردن لە چەکداری دروزی، بەڵام کەوتووەتە بۆسەیەکەوە و لانیکەم 23 کەسی لێ کوژراون.
ئەم شەڕە خوێناوییەی نێوان هێزەکانی دیمەشق و دروزەکان زیاتر لە مانگێک دوای ئەوە دێت کە شەڕ و پێکدادان ناوچەی عەلەوییەکانی لە رۆژئاوای سووریا گرتەوە و تێیدا نزیکەی هەزار و 700 کەس کوژران، کە زۆربەیان عەلەوی بوون.
ئەم شەڕ و ناکۆکییانە نیشاندەری ئەو ئاڵەنگارییانەن کە ئیدارەی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا رووبەڕوویان دەبێتەوە، لە کاتێکدا هەوڵدەدات فەرمانڕەوایی خۆی بەسەر تەواوی وڵاتە فرەپێکهاتەکەدا بچەسپێنێت، دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی پار کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنرا.
رۆژی چوارشەممە، حکومەتی دیمەشق گوتی: "پابەندبوونی نەگۆڕی خۆمان بە پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بێ هیچ جیاکارییەک، لە نێویاندا پێکهاتەی دروزی، دووپاتدەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ